کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لایەنگرانی میراتی کولتووری داوای ڕاوەستانی تێلێکابینی تاقەوسانیان کردووە

17:34 - 9 رەشەمه 2720

ئەنجومەنە خەڵکییەکان، هەیئەتە وەرزشییەکان و لایەنگرانی میراتی کولتووری و ژینگە لە پارکی "کووهستانـ"ـی شاری کرماشان کۆ بوونەوە و داوای ڕاوەستانی پرۆژەی تێلێکابینی تاقەوسانیان کردووە.

بەدوای ئامادەبوونی بەڕێوەبەران و بەرپرسانی باڵای وەزارەتخانە، میراتی کولتووری، کەرەستەی دەستی و گەشتیاریی ڕێژیم و توێژینگەی میراتی کولتووری لە کرماشان کە بەپێی هەندێک زانیاری لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شارە دانیشتنگەلێکیان بۆ چارەسەریی کێشەی تێلێکابین بەڕێوە بردووە، بەڵام هێشتا ڕوونکارییان لەوبارەوە نەداوە.

بەشێک لە ئەنجومەنەکانی پارێزگای کرماشان بە نیشانەی ناڕەزایەتی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆژەی تێلێکابینی تاقەوسان لە پارکی "کووهستانـ"ـی ئەو شارە کۆ بوونەوە.

ئەوان داوایان لەو بەرپرسانە کردووە کە پێش بە هەر چەشنە دەستێوەردانێک لە دەوروبەری تاقەوسان و گرێدراوەکانیان بگرن و ڕایانگەیاندووە: "بەدڵنیاییەوە هەرچەشنە ئاسانکاریی ئەوان جگە لە ناوزڕاندن بۆ ئەو ڕێکخراوانە هیچ سوودێکی بۆیان نییە".

هەروەها ئەوان داوایان لە پارێزگار کردووە: "وەکوو بەڕێوەبەری باڵای پارێزگا پێش بە هەر چەشنە دەستدرێژییەکی ئیدارە و ناوەندەکان بۆ سەر تاقەوسان بگرن و شارەداری لەو دەوروبەرە بکەنە دەرەوە؛ هەروەها داوا لە وەزارەتخانەی میراتی کولتووری دەکەین، بەڕێوەچوونی پرۆژەی تێلێکابینی تاقەوسان ڕەت بکەنەوە".