کوردستان میدیا

سێشەممه 7ی پووشپەڕ 2722
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لایەنگرانی ڕێژیمی ئێران زۆرینەی پارلمانی عێراقیان بەدەست هێنا

11:35 - 3 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠١، پارلمانی عێراق ٦٤ نوێنەری نوێی بەجێی گرووپی "موقتەدا سەدر" قەبووڵ کرد.

ئەو نوێنەرانەی کە وەکوو نوێنەری نوێی پارلمان قەبووڵ کراون، زۆربەیان سەر بە ڕێژیمی ئێرانن.

ڕۆژی ٢٢ی جۆزەردان، ٧٣ نوێنەر لە ڕەوتی "موقتەدا سەدر" کە گەورەترین هاوپەیمانی لە پارلمانی عێراق بوو، بە ئامانجی نەهێشتنی لەکاروەستانی پارلمان، دەستیان لەکار کێشایەوە.

پارلمانی عێراق لە کاتی هەڵبژاردنەکانەوە بەهۆی مشتومڕە سیاسییەکان لەسەر دانانی سەرۆکوەزیر و پێکهێنانی دەوڵەت لەگەڵ کێشە و گرفتی زۆر بەرەوڕوو ببووەوە.

بە دوای وازهێنانی نوێنەرانی ڕەوتی سەدر، کورسییەکانی ئەوان کەوتە دەستی کۆمەڵێک کەسی دیکە کە لە پارلماندا لە پلەی دووەمدا بوون.

لەو ٧٣ کورسییە کە چۆڵ کراون، ٤٠ کورسی کەوتووەتە دەستی نوێنەرانی سەر بە هاوپەیمانیی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" کە لە گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانن.

ئەو گرووپە لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی عێراقدا ٨٣ کورسییان بەدەست هێنابوو کە لەگەڵ ئەو ٤٠ کورسییەش کە ئێستا گرتوویانەتەوە، زۆرینەی پارمانی عێراقیان لە دەستی خۆیان گرتووە.