کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لایەنە کوردییەکان لە برلین: هێرشی پ.ک.ک بۆسەر چەند پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات مەحکوومە

17:37 - 9 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: چەندین لایەنی سیاسیی کورد لە برلین پایتەختی وڵاتی ئاڵمان، سەبارەت بە مەحکووم کردنی هێرشی پ‌ک‌ک بۆسەر ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە بناری قەندیل، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

گەلی کوردستان

گەلەکەمان ئەمڕۆ لە رەوشێکی دیرۆکیدا تێدەپەرەێ و لە هەمو کاتێکی زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتن هەیە. وەک ئاگادارن ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیهان و لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا لەسەر سەرخۆبوونی کوردستان باس و گفتۆگۆ دەکرێ.

لێ مخابن لە رەوشەکی ئاوا حەساس و ناسکدا، جارێکی دیکە کورد لە بەرانبەری کورددا چەک بەکاردێنێ. شەڕی براکوژی، بە ساڵانە لەسەر کورد شونێکی خراپی داناوە و نابێ شەڕی براکوژی جارێکی دیکە دووبارە بێتەوە.

کام هێز و لایەن، لە بەرانبەر هێز و لایەنەکی دیکەی کورددا چەک بەکار بێنێ، دەبێ بە توندی شەرمەزار بکرێ و نابێ هیچ هێزێکی کورد، کۆسپ و تەگەرە بۆ کار و چالاکیی هێزێکی دیکەی کورد پێک بێنێ.

هەر گیر و گرفتێکی کە هە بێ، دەبێ لە رێگای دیالۆگ و گفتۆگۆوە چارەسەر بکرێ.

ئێمە هێز و پارتی و کەسایەتی کورد لە برلین\'\'، بایەخێکی گەورە بە بڕیاری پارلمانی کوردستان دەدەین کە هەیەتێکی پێک هێناوە بۆ لێکۆلینەوە لەم روداوە و داواکارین ئەنجامی لێکۆلینەوەکە بە کاتێکی زووتر رابگەیەندرێ و کێ تاوانبارە داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکا.

ئەم هێز و پارت و کەسایەتییانەی کورد لە برلین بریتین لە:
ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان ــ عێراق
ــ کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ــ حیزبی سوسیالیستی دێموکراتی کوردستان
ــ شەپالا پێشەڕۆژ، رێکخستنی ئورووپا
ــ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە – شاخەی برلین و رۆژهەڵاتی ئاڵمان
ــ کۆمکار، برلین
ــ کۆمیتەی یاریدەری پەنابەرانی کورد لە ئاڵمان
ــ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران