کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لوقمان ئەحمەدی: دەبێ وڵاتانی دێموکراتیک و ئەمریکا پشتگیری لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران لەمەڕ گۆڕینی دەسەڵات لە ئێراندا بکەن

15:57 - 27 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: پاڵپشتیی نەتەوەکانی ئێران و بە تایبەت نەتەوەی کورد بابەتی سەرەکیی سەردانی شاندی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بۆ دامەزرانی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران لە داهاتوودا پێکهێنابوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندی نوێنەرایەتیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، کەلە \'\'لوقمان ئەحمەدی\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و \'\'ناسر بوولیدەیی\'\' سەرۆکی حیزبی خەڵکی بەلووچستان پێکهاتبوو، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ چەند لایەنەکی حکوومەتی و کۆنگرەی ئەمریکا، کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سینای ئەمریکا و رێکخراوی ئەنجومەنی سیاسەتی دەرەوە کۆبووەوە.

لەم کۆبوونەوانەدا شاندی نوێنەرایەتیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، سەرەڕای تاوتوێ کردنی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووداوەکانی ئەم دوایییانەی عێراق، باسیان لەسەر ئەوە کرد کە تاقە رێگای سەقامگیری لە ناوچەکە گەڕاندەوە بۆ ئەسڵی مافی چارەی خۆنووسینی نەوەتەکانە.

شاندی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ هەوڵی دا کە سەرنجی لایەنەکانی کاریگەر لەسەر سیاسەتی دەروەوەی ئەمریکا بۆ ئەو راستییە رابکێشیت کە باشترین رێگای بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکانی رێژیمی ئێران بۆسەر ئاسایشی جیهانی یارمەتیدانی ئوپۆزسیۆنی دیمۆکراسیخوازی نێوخۆی ئێرانە و بەتایبەتی ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ.

شاندی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ هەروەها بە تیشک خستنە سەر پێکهاتەی دانیشتوانی ئێران، باسیان لەوە کرد کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە کە هیچ نەتەوەیەک لەو وڵاتە دا زۆرینە نییە، لە کاتێکدا تەنیا نەتەوەیەک توانیویەتی باڵادەست بێت و خواستی نەتەوەکانی دیکە بخاتە ژێر پێ.

هێزە سیاسییەکانی پێوەندیدار بەو نەتەوەش هەروەها، بە کەڵک وەرگرتن لەو ئامرازانەی کە باڵادەستییەکی چەندین سەدەیی بۆی وەدی هێناون هەوڵ دەدەن خۆیان وەکوو نوێنەرانی سەرانسەری ئێران نیشان بدەن.

لەم کۆبوونەوانەدا، شاندی کۆنگرە هەروەها باسی لەسەر ئەوە کرد کە دێموکراسی لە ئێراندا تاقە رێگایەکی هەیە و ئەویش لە ئیرادەی نەتەوەکانی ئێراندا دەرباز دەبێت لەبەر ئەوەی کە دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان نەتەوەکاندا تەنیا گەرەنتیی پێشگیری لە بەرهەمهاتنەوی دەسەڵاتی تاکڕەو لەو وڵاتە دایه.

لەم دیدارانەدا لوقمان ئەحمەدی لەسەر بزووتنەوی رزگاریخوازانەی کورد توانای ئەوەی هەیە لە هەموو بوارێکەوە بەربەرەکانێ لەگەڵ رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بکا، بەڵام دەبێ وڵاتانی دێموکراتیک و ئەمریکا هەم پشتگیری نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بکا بۆ ئەوە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگۆڕدرێ و سیستەمێکی دێموکراتیک و فێدراڵ دابمەزرێنێت.