
بەهۆی کەڵکی خراپی وەرزێڕانی لاوەکی لە ئاوە ژێرزەوینییەکان، ئاوی زۆربەی ناوچەکان لە پارێزگای "لوڕستان" هەڵچۆڕاوە.
"ئەحمەد گوودەرزی" جێگری بەشی پاراستن و بەرهەمهێنانی شیرکەتی ئاوی ڕێژیم لە لوڕستان وتوویەتی: "ڕێژەی بارانبارین لە ساڵی ڕابردوودا لەچاو ساڵانی پێشووتر ٦ لەسەد کەمبوونەوەی بەخۆوە دیتووە".
٩ هەزار کیلۆمیتر ڕووبار و ڕێڕەوی ئاوی لە لوڕستان بوونی هەیە کە لە ١٣٠ ڕێڕەوی ئاوی سەرەکی و لاوەکی پێک هاتوون.
وشکەساڵی بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ڕووبارەکانی "کەرخە" و "کاروون" کە سەرچاوەکانیان لە پارێزگای لوڕستانە و تووشی کەمئاوی بوونە.
لە ماوەی ١٠ ساڵ وشکەساڵی لە لوڕستان دە هەزار و ٢٢١ کانی وشک بوون و پێشبینیی ئەوە دەکرێت کە زۆربەی باخەکان لەبەر کەمیی ئاو تا ساڵانی داهاتوو وشک ببن.
٨٠ لەسەدی زیانی کەمئاوی لەو ناوچەیە بە مەزرا و مووچەکان گەیشتووە.
لە ئێستادا پارێزگای لوڕستان لەگەڵ چەند جۆر وشکەساڵی لەوانە وشکەساڵیی کەشوهەوا، هیدرۆلۆژیکی، کشتوکاڵی و ئابووری بەرەوڕووە کە وشکەساڵیی ئابووری لەوانی دیکە بەرچاوترە.