ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نامەیەکدا بۆ کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت دوو زیندانیی بەلووچ لە ئێران بە ناوەکانی ''حامید ڕیگی و مێهران ناروویی'' کە ئەگەری لە سێدارەدانیان هەیە هۆشداریی دا.
لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە خەڵک کردووە نامەیەکی هاوچەشنی خۆیان بۆ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بنووسن و داوایان لێ بکەن کە بە زووترین کات ئێعدامی ''حامید ڕیگی و مێهران ناروویی'' ڕابگرن.
ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە ڕاگەیاندووە حوکمی ئێعدامی ئەو دوو کەسە دەبێ هەڵوەشێتەوە و بە بێ گەڕانەوە بۆ سزای ئێعدام و دانپێدانانی زۆرەملێ دەبێ بدرێنە دادگایەکی دادپەڕوەرانە.
لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دڕێژەدا وتوویەتی، ''حامید ڕیگی و مێهران ناروویی'' لە زیندانەکانی ڕێژیمدا کەوتوونە بەر حاڵەتەکانی پێشێلکردنی جیددی مافی مرۆڤ یەک لەوان بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجە وچەندین هەڵسوکەوتی دیکە هەتا دژی خۆیان تاوانێک وە ئەستۆ بگرن.
دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو دوو زیندانییە لە ڕەوتی دادگاییکردنەکاندا و مەحکوومکردنیان بە سزای ئێعدام کەڵکی لێوەرگیراوە، کە نیگەرانیی زۆری لەمەڕ ئەگەری ئێعدامکردنیان دروست کردووە.