کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی جارێکی دیکە داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی لە زیندانەکانی ئێران کرد

18:35 - 3 خەرمانان 2721

دوای بڵاوبوونەوەی چەندین ڤیدیۆ لە شێوازی هەڵسوکەوتی مەئموورانی زیندانی ئێڤین لەگەڵ زیندانییان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەرمانان بڵاو بووەتەوە، جارێکی دیکە داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی کرد کە ئیزنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە زیندانەکانی ئێران بە ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات.

''هبا مێریف'' بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بە جەختکردنەوە لەسەر بەربڵاوی و سیستماتیک‌بوونی ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نەشیاو لە زیندانەکان و گرتنەگەکانی ئێران وتوویەتی، داوای لێبوردنی کورت و وادەی گشتیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پێداچوونەوە بەسەر ئەو دۆخە بەس نییە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە کامێراکانی زیندانی ئێڤین بڵاو بووەتەوە ئەوە وەبیر دێنێتەوە کە ''پارێزراویی بەرپرسانی زیندان لە ئێران بووەتە هۆی کەڵکاژۆی دەڕندانە، هەڵسوکەوتی زاڵمانە، نامرۆڤانە و پڕ لە سوکایەتی لەگەڵ کەسانێکە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا بەسەر دەبەن".

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەویی لە درێژەدا بڵاوی کردووەتەوە ئەو ڤیدیۆیانە نیگەرانییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ قەرەباڵغیی لەڕادەبەدەر لە زیندانەکان و دۆخی بێ‌بەزەیانە و نامرۆڤانەی بەندە تاکەکەسییەکان پشتڕاست دەکاتەوە.

گرووپی سایبێریی بە ناوی ''عەداڵەتی عەلی'' کە ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی گەلاوێژ بە بڵاوکردنەوەی چەندین ڤیدیۆ و وێنە ڕایگەیاند کە  کامێرا ئەمنییەتییەکانی زیندانی ئێڤێنی هەک کردووە، بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیانە شەپۆلێکی لە کاردانەوەی چالاکانی مافی مرۆڤ، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە.

''غوڵام حوسێن مۆحسێنیی ئێژەیی'' سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران فەرمانی پێداچوونەوە بە سەر ئەو بابەتەی داوە.

فەرمانی ''ئێژەیی'' بۆ تاوتوێی دۆخی مافی مرۆڤ لە زیندانەکان لەحاڵێکدا دەر کراوە کە بەردەوام ئەم بابەتە لەلایەن چالاکان و گرووپەکانی مافی مرۆڤ خراوەتە بەر باس، بەڵام دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران هیچ کات ئیزنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی بە هیچ ناوەندێکی مافی مرۆیی نەداوە و بەردوامیش ئەو بابەتەی ڕەت کردووەتەوە.