کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی هۆشداریی داوە کە گیانی کەماڵ شەریفی زیندانیی سیاسیی کورد لە مەترسی دایە

12:20 - 8 رێبەندان 2721

لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نامەیەکدا ڕوو بە سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران، هۆشداریی داوە کە دۆخی جەستەیی ''کەماڵ شەریفی'' زیندانیی سیاسیی کورد ناڵەبارە و داوای کردووە کە بەخێرایی ناوبراو لە زیندانی میناب لە پارێزگای هۆرمۆزگان ئازاد بکرێت.

بەپێی ئەو نامەیە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندان بڵاو بووەتەوە، کەماڵ شەریفی بەهۆی بێبەشکردنی بەئەنقەست و درێژماوە لە دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پێویست و دەرمانکردنی بۆ نەخۆشیی دڵ و هەروەها نەخوشیی دیکە کە تووشی بووە، گیانی لە مەترسی دایە.

 لێبوردنی نێونەتەوەیی باسی لەوە کردووە کە بە سەرنجدان بە ناجێگیربوونی دۆخی جەستەیی ئەو زیندانییە سیاسییە، ئەگەر ناوبراو لە زینداندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت، لەگەڵ هەڕەشەی مەرگ یان نەخۆشیی سەخت و دژوار بەروڕوو دەبێت.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە لە نامەی خۆیدا بۆ ''غوڵام حوسێن مۆحسینیی ئێژەیی''، سەرەڕای ئازادیی ئەو زیندانییە سیاسییە داوای کردووە کە بەخێرایی لە دەرەوەی زیندان بخرێتە ژێرچاوەدێری پزیشکییەوە.

کەماڵ شەریفی تەمەن ٤٩ ساڵ کە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوییەوە لە زیندان دایە و لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقز بە تۆمەتی محارەبە و ئەندامبوون لە یەکێک لە هێز ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران حوکمی  ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ''مینابـ''ـی بەسەردا سەپاوە.