کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: ڕێبەری ڕێژیمی ئێران یاری بە گیانی ملیۆنان کەس دەکات

11:59 - 21 بەفرانبار 2720

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، فەرمانی ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بەنیسبەت قەدەغەکردنی کڕینی واکسەنی کۆرۆنا لە بریتانیا و ئامریکا و بێبەشکردنی خەڵکی ئێرانی لەو واکسەنە مەحکووم کرد.

لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە، ئەم واکسەنە گیانی کەسەکان ڕزگار دەدات، قەدەغەکردنی کڕینی ئەو واکسەنە هەنگاوێکە لە ڕاستای سووککردنی مافی مرۆڤ کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران چەندین دەیەیە ئەنجامی دەدەن.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە بڵاوی کردووەتەوە، ڕێبەری ئێران یاری بە گیانی ملیۆنان کەس دەکات و سیاسەتەکانی لە سەرەوەی خەڵک داناوە. لە حاڵێکدا هیچکەس نابێ لە دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی یەک لەوان کە واکسەنە بێبەش بکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بەهۆی تەشەنەسەندی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران زیاتر لە ٥٥ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و بەرپرسانی ئێران دەبێ گوێنەدانی بێ شەرمانەی خۆیان بە بەڵێنییە نێونەتەوەییە مافی مرۆییەکان ڕابگرن.

''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار لە لێداوانێکی تێلێڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند کە واکسەنی دروستکراوی بریتانیا و ئامریکا بۆ متمانە نابێت و هاوەردەکردنی قەدەغەیە.

قسەکانی ناوبراو شەپۆلێکی ناڕزایەتی و دژکردەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە و هەروەها تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر قسەکانی خامنەیی کە بە زمانی ئینگلیسی وەرگێردراوبوو سڕییەوە.