کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێودەوڵەتی: عێراق بە چەکی ئێران خۆپیشاندەران دەکوژێت

12:23 - 17 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی کردووەتەوە کە خۆپیشاندەران لە عێراقدا بە چەکی ئێرانی دەکوژرێن.

لە ڕاپۆرتێکی نوێدا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق، ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ئاشکرای کردووە، ئەو بۆمبە فرمێسکڕێژانەی بۆ کۆشتنی خۆپیشاندەرانی عێراق بەکاردێن، دروستکراوی ئێرانن.

لە ڕاگەیەندراوی ئەو ڕێکخراوەیەدا هاتووە، بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی بەردەست کەوتوون، ئەو بۆمبە فرمێسکڕێژانەی هێزە ئەمنییەتییەکانی عێراق دژی خۆپیشاندەران بەکاری دێنن، ئێرانی و سێربین، کە بۆ کوشتنن نە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکار دێن.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، بەشێکی زۆر لە بۆمبە فرمێسکڕێژەکان لە جۆری ئێم ٧١٣ و ئێم ٦٥١، لە لایەن ڕێکخراوی پیشەسازیی بەرگریی ئێرانەوە بەرهەم هاتوون.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی عێراقدا، خۆپیشاندەران بڵاویان کردەوە کە ڕێژیمی ئێران دەستی لە سەرکوتی خەڵکی عێراقدا هەیە.

خۆپیشاندەران باسیان لەوە کرد، گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ تەقە لە ناڕازییان دەکەن.

پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی" بە هاوکاریی میلیشاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، خەڵکی عێراق سەرکوت دەکات.