کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی: هێرشی هەموولایەنە لەسەر مافی مرۆڤی خەڵکی ئێران لە ئارادایە

12:07 - 20 سەرماوەز 2721

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ماڵپەڕی فارسیی خۆی بە مەبەستی دەسپێڕاگەیشتنی زیاتر بە زانیارییەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، وەڕێ خست.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی هەینی ١٩ی سەرماوەز بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک ڕایگەیاند، ماڵپەڕی فارسیی ئەو ڕێکخراوەیە لە هەلومەرجێکدا دەستی بەکار کردووە کە هێرشێکی هەموولایەنە لەسەر مافی مرۆڤی خەڵکی ئێران لە ئارادایە.

ئەو ماڵپەڕە جگە لە پێشکەشکردنی بەشێک لە چالاکییەکانی لێبووردنی نێونەتەوەیی بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری، یەکسانی و ئازادی لە سەرتاسەری جیهان، بڕیارە "بەیانییە و ڕاپۆرتەکانی لێکۆڵینەوەی ئەو ڕێکخراوەیە لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران، بەتایبەت لە ساڵەکانی پێشوودا، بە زمانی فارسی بخاتە بەردەست.

لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی و بەپێی ئەو مادەیە دامەزرا کە "خەڵک لە تەنیشت یەکتر بەهێزن و دەتوانن گۆرانکاری بەسەر جیهاندا بهێنن".

ئەو ڕێکخراوەیە بە "پتر لە ١٠ ملیۆن ئەندام" بۆ ئازادیی "دەیان هەزار کەس" کە لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان بەهۆی "بیر و بڕوا یان چالاکییە ئاشتیخوازانەکانیان" بەند کراون، هەوڵ دەدات.