کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدانی توونێلی خورینج لە پیرانشار ڕۆچوونی زەوینی بەدواوە بووە

12:17 - 18 جۆزەردان 2721

ڕۆچوونی زەوی لە گوندی "خورینج" ڕووداێکه کە دەگمەنە لەو ناوچەیە ڕوو بدات و ئەو شوێنەی کە ڕۆچووە درێژییەکەی ٣٠ مەترە و ١٠ مەتریش قووڵه.

ئەوە کارەساتێکی ژینگەییە کە لە شاری "پیرانشار" ڕووی داوە، چونکە لە مێژوودا نەبووە ئەو ناوچەیە خاکەکەی ڕۆ بچێت.

هۆکاری ڕۆچوونی زەوی بەم شێوەیە لە گوندی "خورینج" بۆ چاڵاوەکان دەگەڕێتەوە کە لە سەرەوەی ئەو گوندە لێدراون.

ڕێکخراوی سپای تێرۆریستیی پاسداران ساڵانێکە خەریکە بۆ ڕاگواستنی ئاو لە پیرانشارەوە بە بیانووی گۆلی  ورمێ کار لەسەر توونێلی "خورینج" دەکات.

ئەو تونێلە لە شوێنێکدا بەهۆی ئەوەیکە گەیشتووەتە کانیاوەکان کاری لەسەر ناکرێت.

شیرکەتی "فاتر" یەکێک لە شیرکەتەکانی سەر بە سپای پاسداران، بۆ ئەوەیکە ئاوی کانیاوەکانی ئەو تونێلە وشک بکات لە سەرەوەی ئەو توونێلە دەستی به چاڵاولێدان کردووە؛ زیاتر لە ١٠ چاڵاو لێدراوە بۆ ئەوەی ئاوی کانیاوەکانی نێو توونێل وشک ببێت.

ڕێژیم دەیهەوێ بە هەڵگۆزینی ئاو بە پۆمپی گەورەی ئاو ڕەگەکانی ئاو لەو ناوچەیە وشک بکات، کارێک کە کارەساتی خولقاندووە.

هەڵگۆزینی ئاو لەژێر زەوی دەبێتە هۆی ئەوەیکە بنی زەوی هڵۆڵ بێت و لە ئەنجامدا زەوی ڕۆ بچێت، جیا لەوەش ڕووبار، تاڵاو، دەریا و قۆپییەکان وشک دەبن.

هیچ لایەنێکی پێوەندیداری ڕێژیم لەو پارێزگایەدا ناتوانێت پێش بەو پرۆژەیە بگرێت چونکە لەبەر دەستی سپادایە.

هاووڵاتییان بەتایبەتی چالاکانی ژینگەیی ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام بۆ وڵامدانەوە ڕێگایەکی  زۆر دژواریان لەبەرە.