سۆران شەمسی
سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری ئێران ئەگەرچی زۆرێک لە چاوەدێرانی تووشی سەرسووڕمان کرد، بەڵام لە لایەکیشەوە بە تەواوەتی چاوەڕوان دەکرا .
بەهۆی ئەوەی کە قەیرانەکان بە شێویەکی بەربڵاو هەموو بەشە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی داگرتووە و گوشارێکی زۆر گەورەی لەسەر خەڵک داناوە، هەر سات دەبێ چاوەڕوانی وەها سەرهەڵدانێک بباین و بشبین ...
لە ڕاستیدا پەشۆکاوی لە بەرانبە ئەم سەرهەڵدانە لەم ڕاستییە دێت کە زۆربەی چاوەدێران، چاوەڕوانی ئەم سەرهەڵدانەیان نەدەکرد. بەتایبەت کە سەرکوت لە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەربڵاو دەکرێت، سەرکوتی سیستماتیکێک کە تەنیا بە باتووم و لێدان و گازی فرمێسکڕێژ لە شەقام کۆتایی پێنایەت، بەڵکوو چاوەدێریی وردی لەسەر ڕێکخراوەکان و ناوەندەکانی کولتووری و زانکۆ و چاودێریی چالاکانی مەدەنی و هەروەها سەرهەڵدانە خۆڕسکاکان لایەکی بەربلاوی تری ئەم سەرکوتانەن. بێکاری، کێشە ئابوورییەکان، کێشەکانی ژینگە و... کۆمەڵێک لەم پرسە گرینگانەن کە خەڵک لە ئێران لەگەڵیاندا دەستەویەخەن و دواڕۆژی ئێران دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
خەڵک لە نێوخۆی ئێران لەگەڵ ڕێژیمێکی زۆر تایبەت و تۆتالیتێر کە بە ئاستەم بۆ مافی شارۆمەندەکانی خۆی بەها دانانێت، لە ڕاستیدا هیچ دەستەڵاتدارێکی تر بە قەد ڕێژیمی ئیسلامی ناناسین کە لەگەڵ خەڵکی خۆی وا دوژمنکارانە هەڵسوکەوت بکات، خەڵک بە تێگەیشتن و بە تێفکرین ئەوە دەزانن کە خراپیی دۆخی ئابووریی کۆڵەکەی لە بەڕێوەبردنی خراپ لە سیستمی سیاسی هەیە.
وێنایەکی بەرچاو کە دەتوانێت ئەم بابەتە بسەلمێنێت، دروشمێک بوو کە هەموو جارێک لە شارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات دەکرێتەوە کە ڕاستەوخۆ لە بەرانبەر ویلایەتی فقیهدا دەوترێت.
لە ڕاستیدا خەڵکی ئێران زانیویانە و دەزانن کە کاتێک ڕێژیمی ئێران بە میلیارد دۆلار یارمەتی دەگەیەنێتە گرووپە تێرۆریستییەکانی پاڵپشتی خۆی کە ئیتر جێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئابووریی خەڵک نامێنێت. بێننە بەرچاوی خۆتان ئەو یارمەتییانە لەم ئاستە زۆرەدا لە ناوچە دواکەوتووەکاندا لە گەشەی ئابووری و داهاتی خەڵک خەرج کرابا، گەلانی ئێران ئەوە دەزانن کە کردەوەکانی ڕێژیم لە ناوچەکەدا کۆڵەکەی لە بڕیارەکانی خامنەیی و سپای پاسداراندا و هەر بۆیە زۆربەی دروشمەکان بە ئاڕاستەی خامنەیی و سپای تیرۆریستیدا دەوترێنەوە.
خەڵکی هەژار لە شانۆی هەڵبژاردن و لە سەری ناعیلاجیدا دەنگیان دا بە حەسەنی ڕووحانی تا ئابووریی وڵات ببوژێتەوە، بەڵام دیسان بۆیان دەرکەوت کە لە بنەڕەتدا ئەوە ڕێژیمە کە گەندەڵ و ناکارامەیە و ڕیفۆرمیست و بناژۆخواز هەر دوو لە کۆتاییدا هەر یەک شتن.
ڕێژیمی زاڵمپەروەر و بێدەستەڵاتکوژی ویلایەتی فقیهـ، ڕێژیمێک کە بۆ بەربڵاوکردنی دەستەڵاتی خامنەیی و سپای تیرۆریستی بەسەر ناوچەکەدا خوێنی خەڵک دەمژێت و ئەم سیاسەتە لەژێر ناوی "گسترش عمق استراتژیک" نێو دەبات، ڕێژیمێک کە گەندەڵی و دزییەکان له ڕێبەر و کاربەدستە سەرەکییەکانی ڕێژیمهوه بهرهوخوار شۆڕ بووەتهوه، ڕێژیمێک کە ناکۆکی سەرکردە سەرەکییەکانی ئەو و تێکۆشانی باڵەکانی دەستەڵاتداری ئەو ڕێژیمە بۆ لەنێوبردنی باڵەکەی تری دەستەڵات زۆر جار دەگاتە ئاستێک کە تەنیا دەکرێت ناوی خیانەت بە مەنفەعەتە گشتییەکانی لێ بندرێت، ڕێژیمێک کە پارلمان هیچ دەستەڵاتێکی نییە، ڕێژیمێک کە کوڕی بەرپرسان و کاربەدەستە سەرکییەکانی ڕۆژانە خەریکی ڕابوواردن و لەنێوبردنی داهاتی گشتین لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، ڕێژیمێک کە بەرنامەی بە تایبەتکردنی کەرتی پیشەسازی دەبێتە هۆی دەرکردن و بێکاری و نەدانی حەقدەستی دەیان هەزار کرێکار و کرێکارانی ناڕازی و داواکاریی حەقی خۆیان دەکەوێتە بەر سزای لێدانی قامچی و زیندانی دەکرێت، بەڵێ هەر ئەم ڕێژیمەیە کە دەڵێت ویستوومە ئێران و جیهان ئیدارە بکەم و تەنانەت بانگەشەی ئەوەش دەکات کە دەست لە کاروباری جیهانیش وەربدات، بەڵێ ئەم چەشنە ڕێژیمە بۆ پاراستنی ئەو هەموو ناداپەروەرییانە دەبێ هەر چەشنە سەرهەڵدانێک سەرکوت بکات، زوڵم لە خەڵک بکات و سەرهەڵدانی هێمنانەی خەڵک بکێشێتە لایەکی تر هەتا بیانووی بکەوێتە دەست و سەرهەڵدانی هێمنانەی خەڵک بە دڕندانەترین شێوە بە کەڵکوەرگرتن لە باتووم و گۆپاڵ و گازی فرمێسکڕێژ و چەک سەرکوت بکات، ئەو ڕێژیمە بەرپرسان و هێزی سەربازیی بە کەڵکوەرگرتن لەو داهاتانەی کە لە ڕێگای گەندڵکاری و دزی کە ڕاگرتووە، بۆ پاراستنی ڕێژیم نابەرانبەرییە کە سەردارانی سپای تیرۆریستی و مەلاکان و مرجەعە ئاینییەکان زۆرترین داهاتی لێ هەڵدەگرن، بۆ پاراستنی شێتانەی بەشداریکردنی ئاییا لە حکوومەت و سیاسەتە کە ئەم کردەوانە دەکەن.
گەلانی ئێران هاتوونەتە سەر شەقام تا دەنگی ناڕازیبوونی خۆیان لەم بارودۆخە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە دەرببڕن کە لە سەرەتادا بە ڕووبەڕووبوونی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپا و هێزی ئینتزامی بوونەوە، زوڵمی زۆر و نابەرانبەری و شەڕخوازی و ئاژاوەگێڕی لەلایەن ڕێژیم جا چە لە سیاسەتی نێوخۆ و چە لە سیاسەتی دەرەوە ڕقی خەڵکی لەم زستانەدا کردووەتە ژیلەمۆی بن خەڵووز و لە بەهاراندا بە تیشکی خۆرەتاو گڕ دەگرێت، بڵێسەی ئاگری لێ هەڵدەستێت و بڵێسە هەڵدەستێت و بنچینەی زوڵمی بەیتی خامنەیی وێران دەکات.
خەڵک بەپێی دروشمەکانیان داوای لەنێوچوون و نەمانی هەموو ڕێژیم و کاربەدستەکانن، خەڵک ئەوەی دەوێت.
ئەو شتەی ئەم سەرهەڵدانانەی ئەم جارە جیاواز دەکات لە جارانی پێشتر، وشیاری لە هەڵبژاردنی دروشمەکاندا بوو، هەر شتێک بێت ناتوانن نەخشی بەهێزی لاوان و ئەو نەوە مافخوازە معامەڵەی لەسەر پێ بکرێت، ئەم نەوەیە بۆ ستاندنی مافەکانی خۆی و داخوازییەکانی زۆر بەهێز هاتووەتە گۆڕەپانی بەرخۆدان و لە هەر چەشنە بەڵێنێکی درۆ بێزارە.
ڕویشتن بەرەو دێموکراسی و نەهێشتنی زوڵم بابەتێکە کە دەکرێت هەموو گەلانی نێو چوارچێوەی ئێران بۆ سەرهەڵدان و شۆڕش دژی ویلایەتی فقیهـ بکاتە یەکدەنگ، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ڕووناکە بیر و قوتابییانی زانکۆ ئەرکێکی قورسیان دێتە سەر شان.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.