کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

11:56 - 30 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی دوو ساڵ پێشی پارێزگای کرماشان، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین لە دۆخی نالەباری ژیانیان، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

لە دوای تێپەڕینی نزیک بە دوو ساڵ بەسەر بوومەلەرزەکەی کرماشان، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس و لەدەستدانی حاڵ و ماڵی بەشێکی زۆری خەڵکی ئەو پارێزگایە، خەڵکی لێقەوماوی ئەو ڕووداوە، هێشتا لەنێو چادر و کانێکسەکاندا لە دۆخێکی دژواردا ژیان تێدەپەڕێنن.

خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەم پارێزگایە، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین بە خراپیی دۆخی ژیانیان و جێبەجێنەکردنی وادە و بەڵێنە چەواشەکارانەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بڕیار وابووە کە هەتا مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، پرۆژەی تەواوکردنی ماڵە ڕووخاوەکانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان تەواو ببێت، بەڵام بە چاولێکردن لە دۆخی ژیانی خەڵک، تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە وەک خەونێکی لێهاتووە.

سەرەڕای نەبوونی خانوو، نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و نەبوونی "سرویسی بێهداشتیـ"ـی ستاندارد لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکاندا، هەڕەشەیەکی دیکەی بۆ سەر گیانی خەڵکی ئەم ناوچانەی دروست کردووە. بەتایبەتی لە وەرزی گەرمادا، کە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ئیپیدیمییەکان ئاسانترە.

دانیشتووانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان، ماوە بە ماوە لە بەرامبەر پێڕانەگەیشتنەکانی بەرپرسانی ڕێژیم و پەراوێزخستنیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەن، کە هەموو جارێک بەرپرسانی ڕێژیم جگە لە پێدانی کۆمەڵێک وادە و بەڵێنیی پووچ و چەواشەکارانە، هیچ کارێکی دیکەیان بۆ ئەنجام نادەن.