![](/content/upload/1/news/40364_w920.jpg)
کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە سەردانێکدا بۆ ئورووپا، لەگەڵ ئەندامێکی کۆمیتەی بەرگریی وڵاتی بێلژیک دیداری کرد.
"مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چوارچێوەی سەردانێک و بە مەبەستی بەشداری لە کۆنفڕانسێک لە پارلمانی ئورووپادا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە پارلمانی فیدراڵی بێلژیک چاوی بە "تیم واندێنپووت" لە پارتی لیبراڵی بێلژیک و ئەندامی کۆمیتەی بەرگریی ئەو وڵاتە کەوت.
لەم دیدارەدا لێپرسراوی حیزب باسێکی تێروتەسەلی لەسەر دواپێشهاتەکانی کوردستان و ئێران خستە بەر باس و ئاوڕی لە پرسی کورد لە ئێستای ئێراندا دایەوە.
لەم چوارچێوەیەدا زیاتر تیشک خرایە سەر خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان و ئاماژە بە ژمارە و لێکەوتەکانی سەرهەڵدانەکان و هەروەها ئەو تاوانانەی کە ڕێژیمی ئیسلامی دژ بە خەڵک ئەنجامی داوە، کرا.
"تیم واندنپووت"، کۆمەڵێک پرسیار و تێبینیی خستەڕوو کە وەک خۆیان و وەک پارتەکەیان لە چوارچێوەی پارلمانی فیدراڵدا دەتوانن ئەنجامی بدەن.
لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا هەر دوو لایەن پێداگرییان لەسەر بەردەوامیی ئەم پێوەندییانە کردەوە و لە هەمان کاتدا باس لەسەر ئەوە کرا کە لە بواری پراکتیکدا ئەوان چۆن دەتوانن یارمەتیدەری پرسی کورد بەگشتی و پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بن.