کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکۆڵەرێکی کورد داکۆکی لە لێکۆڵینەوە دزراوەکەی خۆی دەکات

18:47 - 11 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: پاش پەسەندکردنی یاسای کۆپی ڕایت لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێراندا، ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بەبێ هێنانی ناوی نووسەر و بەناوی وەزارەتی وەرزش و لاوان و هەروەها بە هەبوونی نوێنەرێکی مەجلیسەوە پەردەی لەسەر لادرا.

کامیل ئەحمەدی خەڵکناس و لێکۆڵەری بوارەکانی فەرهەنگی ناوچەیی، منداڵان و ژنان و مافی کەمینەکان لە فەیسبووکی تایبەتیی خۆیدا باسی لە پەردەلادان لە یەکێک لە لێكۆڵینەوەکانیی، بە بێ هێنانی ناوی نووسەر و بەناوی وەزارەتی وەرزش و لاوانی ڕێژیمەوە کردووە.

ئەحمەدی لە فەیسبووکی خۆیدا نووسیویەتی: "حەوتووی ڕابردوو بوو، که مەحموود سادقی باسی لە پەسەندکردنی گەڵاڵەی یاساییی داکۆکی لە مافی خاوەندارێتی ئەدەبی و هونەری و یاسا پێوەندیدارەکان به کۆپی ڕایت لە کۆمیسیۆنی قەزایی و حوقوقیی مەجلیسدا کرد؛ ئێستا وەزارەتی وەرزش و لاوان لێکۆڵینەوەکەی من که سەبارەت به "هاوسەرگیری سپی"یە و لە گەلاوێژی ئەمساڵدا له ئەنجومەنی داکۆکی لە مافی منداڵان و لە کۆبوونەوەیەکی لێزانیدا و هەروەها به بوونی پەروانە سەلەحشووری، نوێنەری مەجلیس پەردەی لەسەر لادرا و کورتەکەشی لە سەر ماڵپەڕی کەسۆکی خۆم ماوەتەوە، بە بێ بانگهێشتی من و ناوبردن لە ناوی نووسەر و سەرنجڕاکێشتر لە هەمووی وەکوو کاری پێئەسپێردراو لە لایەن پارێزگاری تاران و لە کۆبوونەوەی ستادی لاواندا خستووەتە بەر چاو که هەواڵدەریی ئیرنا هەواڵەکەی بڵاو کردووەتەوە ".

ئەحمەدی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنا، ئەم کارەی وەزارەتی وەرزش و لاوانی وەدرۆخستووەتەوە و وێڕای ئەوەیکە ناڕەزایەتی لەهەمبەر ئەم کردەوەیە دەربڕیوە و هێشتا هیچ لایەنێک وڵامی پێویستی نەداوەتەوە، وتوویەتی: "ئەو لێکۆڵینەوەیە ئاکامی کاری چەند ساڵی من بووە که به ناوی کەس و وەزارەتێکی دیکەوە بڵاو کراوەتەوە".

ناوبراو سەبارەت بەم لێكۆڵینەوەیە ڕایگەیاندووە: "لێکۆڵینەوەیەکم لە ژێر ناوی "خانەای با در باز" سەبارەت به هاوسەرگیریی سپی لە سێ گەورەشاری تاران، ئیسفەهان و مەشهەد و به کۆکردنەوەی نموونەیەکی ئاماریی ٢١٦ کەسی ئەنجام دا که دوو ساڵی خایاند و یەکێک لە یەکەمین لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان بۆ ناسینی دیاردەی هاوسەرگیریی سپی لە ئێرانە. کورتەی ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ٢٣ی گەلاوێژی ئەمساڵدا لە کۆبوونەوەی لێزانیی ئەنجومەنی داکۆکی کردن لە مافی منداڵان پەردەی لە سەر لادرا. ئەمە لە حاڵێکدایە که ڕۆژی چوارشەممە، لە ڕێوڕەسمێکدا به هەبوونی پارێزگاری تاران پەردە لەسەر لێکۆڵینەوەیەک لە ژێر ناوی "اتاقی با در باز" لادراوە کە هیچ ناوێک لە من نەبراوە و باس لە ئامار و هۆکار و کاردانەوەکانی لێکۆڵینەکەی من کراوە.

ناوبراو پاشان وێڕای ئاماژه به هەبووونی هەڵە لە ئامارەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا وتوویەتی: "وەکوو نووسەری ئەو لێکۆڵینەوەیە جەخت دەکەمەوە کە دەقی تەواوی ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ژێر چاپدایە و به شێوەی سەربەخۆ ئەنجام دراوە و من هیچ ئەرکێکی پێئەسپێردراوم لە لایەن ئەم وەزارەتخانەیە یان وەزارەتخانەیەکی ترەوە پێ نەگەیشتووە."

کامیل ئەحمەدی نووسەر و لیكۆڵەری کورد که بڕوانامەی لێزانیی خۆی لە بریتانیا وەرگرتووە، لە بەشی ئەدەبیاتدا بە هۆی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و نووسینی کتێبەکانی خۆیەوە توانی لە ٥ی خەزەڵوەری ٩٧ی هەتاویدا، خەڵاتی ئەدەبیات و زانستی مرۆیی بونیادی ئاشتیی جیهانیی لە زانکۆی جۆرج واشنگتۆن وەرگرێت.