کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەدایکبوونێکی پیرۆز

11:35 - 19 سەرماوەز 2719

نەوید کەرەمی

لە هەموو کۆمەڵگا مرۆییەکاندا ئەو کاتەی کە کەسێک لەدایک دەبێت، پاش لەدایکبوونەکەی ناو و پێناسەیەکی بۆ دیاری دەکرێت و ناسنامەیەکی بۆ دەردەهێنرێت، بەڵام لە سووچێکی بەشخوراوی ئەم جیهانەدا، لەدایکبوونی کۆمەڵێک کوڕ و کیژ، لەدایکبونێکی ئاسایی نییە و زۆر جیاوازترە.

ئەوان کۆمەڵێک کیژ و کوڕی نیشتمانن کە بە بڕیاری خۆیان و بۆ پاراستنی کەرامەت و پیرۆزیی دایک و گەلەکەیان لەدایک دەبن و دەبنە خاوەن یەک ناو و یەک مێژوو و یەک پێناسەی هاوبەش.

لەپاش لەدایکبوونیان ئەگەر کوڕ بن یان کیژ، ئەگەر پیر بن یان گەنج هەموویان دەبن بە یەک و دەبنە خاوەنی یەک پێناسە و یەک بڕیار و یەک ژیانی سەربەرزانە.

هەر لە یەکەم ساتەکانی لەدایکبوونەکەیان ئامادەن کە هەتا دواهەناسە ژیانیان بۆ پاراستنی خاک و سەروەری گەلەکەیان تەرخان بکەن و گیانیان لە پێناو بەرگری لە دایکی نیشتمان بەخت کەن.

ئەوان کە ڕووخسار و جلوبەرگەکانیان نیشانەی بەشخوراوی و ئازار و مەینەتییەکانی دایکی نیشتمانی پێوە دیارە بوێرانە بڕیاری بەرگری لە گەل و نیشتمانەکەیان دەدەن و دەبن بە سەربازی بەجەرگ و خۆنەویستی گەلەکەیان.

لەدایک دەبن و بەهەر لەدایکبوونێک مەشخەڵێک بۆ ڕووناکایی ڕێگای پڕهەوراز و نشێوی داهاتووی گەلەکەیان بەدەستەوە دەگرن، لە پێناو پاراستنی سەروەری و پیرۆزی دایکی نیشتمان و گەلەکەیان، لە پێناو مسۆگەرکردنی سەربەستی و ئازادی و داهاتووی گەلەکەیان دلێرانە بەگژ هەر دوژمن و داگیرکەرێک دەچنەوە.

ئەوان کە لە ٢٦ی سەرماوەزدا لەدایک بوون، راهاتوون هەتا هەر جۆرە شەختە و سەهۆڵبەندانێک هەتاکوو بەهاری ئازادی تەحەمول بکەن، ئەوان پێشمەرگەن و هەمووساڵێک لە ٢٦ی سەرماوەزدا دووبارە و دووبارە لەدایک دەبنەوە.

٢٦ی سەرماوەز لەهەموو ٢٦ی سەرماوەزییەکان و لە هەموو گەلی کورد پیرۆز بێت

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.