کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٣ لەسەدی تاڵاوەکانی ئێران خەریکە بەرەو وشکبوون دەچن

12:35 - 9 جۆزەردان 2722

"سدیقە مودەڕس تەباتەبایی" سەرۆکی گرووپی سەرچاوە ئاوییەکانی ڕێکخراوی ژینگەی ڕێژیم وتوویەتی: "لە ئێستادا ٤٣ لەسەدی تاڵاوەکانی ئێران خەریکە بەرەو وشکبوون دەچن و ئەگەر هەوڵ بۆ باشترکردنی دۆخی تاڵاوەکان لەبابەت دابینکردنی ئاوەوە نەدرێت، تاڵاوەکان دەبنە شوێنی هەستانی تۆز و خۆڵ".

لە مەترسییەکانی سەر ئەو تاڵاوانە ناوبراو ئاماژەی بەم خاڵانە کردووە: "کەمبوونەوەی ئاو؛ کەڵکوەرگرتنی نایاسایی لە زەوییەکانی دەوروبەری تاڵاوەکان؛ هاتنی زۆرێک مادەی پیسکەری بیۆلۆژیک و کیمیایی و فیزیکی کە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان، شارەکان، گوندەکان و شوێنی دیکەوە بەرەو تاڵاوەکان دێن".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها گەڵاڵەکانی ڕێگاوبان، پێترۆشیمی، پاڵاوگە، فڕۆکەخانە، هێڵەکانی گواستنەوەی وزە بەبێ ڕەچاوکردنی یاساکانی پاراستنی ژینگە، ڕاوی نایاسایی و هەڵگرتنەوەی گژوگیا و ئاڵوگۆڕی ئاو و هەوای وەکوو هەڕەشە بۆ سەر تاڵاوەکان ناو لێ بردووە.

کەمیی ئاو کاریگەریی درێژماوەی بۆ سەر تاڵاوەکان هەیە و سوێربوونی ئاوەکان، کەمبوونەوەی دەفرایەتیی ژینگەیی، کەمبوونەوەی توانایی تاڵاوەکان لە پشتیوانی لە بەرهەمی کۆمەڵی وەبەرهێنەر و وشکبوونی تاڵاوەکان لە گرینگترین هۆکارەکانی دابیننەکردنی ئاوی پێویستە بۆ تاڵاوەکان.

لە ئێستادا لە کۆی ٢٢٦ تاڵاو لە ئێراندا، ٤٢ تاڵاو شوێنی هەستانی تۆز و خۆڵن کە لەو تاڵاوانە دەتوانین ئاماژە بە تاڵاوەکانی "هوورەلعەزیم، شادگان، ورمێ، هاموون، میقان، ساڵحییە و بەختگان" و چەندین تاڵاوی دیکە بکەین.