کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩٠ لەسەدی دەشتەکانی پارێزگای کرماشان بەرەو وشکبوون دەچن

13:05 - 31 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: قەیرانی کەمئاوی و وشکبوونی چاوگە ئاوە ژێرزەوینییەکان، ژینگەی پارێزگای کرماشانیان لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو کردووە.

محەممەدڕەزا شەهلایی، جێگری پاراستن و سوودبەریی (بهرەبرداری) شیرکەتی ئاوی ناوچەییی کرماشان، لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، ٩٠ لەسەدی دەشتەکانی ئەو پارێزگایە، چوونەتە ڕیزی دەشتە قەدەغەکراوەکان و لە ٢٣ دەشتی پارێزگای کرماشان ١٣یان قەدەغە کراون و ئەوانی دیکە توانای ئاودێریی لەڕادەبەدەریان نییە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: دەشتەکانی سەنجاوی، کەنگاوەر، مایەشت، سەرپێڵێ‌زەهاو و ئیسلاماوا لەو دەشتانەن، کە ئاستی ئاوی ژێرزەوینیان دابەزیوە و خەریکن سۆێر دەبن و چۆنایەتی خاکەکەیان بەرەو لەنێوچوونە.

عەلیڕەزا تەختشاهی، بەڕێوەبەری گشتیی ئابفای پارێزگای کرماشان، لەو پەیوەندییەدا باسی لەوە کردووە، کە بەکاربردنی لەڕادەبەدەری ئاوە ژێرزەوینییەکان لەو دەشتانە بووەتە هۆی لەنێوچوونی سەرچاوەی ئاوە ژێرزەوینییەکان و تەپینی دەشەتەکان.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە ٢٠ هەزار بۆری نایاسایی لە سەرچاوە ئاوییەکان ڕاکێشراون و کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر وشکبوونی دەشتەکان و وتوویەتی: بەکارهێنانی ئاو لە پارێزگای کرماشان دووقاتی ستانداردی بەکارهێنانی ئاوە.

بەگشتی بەڕێوەبەریکردنی هەڵەی بەرپرسانی ڕێژیم و موڵەتدانی نابەجێ بۆ هەڵکەندنی بیری ئاو و گواستنەوەی ئاوی ڕووبارەکان و سازکردنی بەنداو لەسەر ڕێگەی سەڕچاوە ئاوییەکان، هۆکاری سەرەکیی وشکبوونی دەشتەکان و بەبیاوان ‌کردنی پارێزگای کرماشانە.