کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠ لەسەدی سوپێرمارکێتەکانی تاران بەهۆی گرانییەوە داخراون

11:46 - 6 رەزبەر 2721

بەرپرسی یەکیەتیی سوپێرمارکەت و مەوادی پرۆتۆئینیی تاران وتوویەتی، دۆخی خراپی ئابووریی ئێران بووەتە هۆی ئەوەیکە لەنێوان ١٥ هەتا ٢٠ لەسەدی سوپێرمارکێتەکانی تاران دابخرێن یان کاری خۆیان بگۆڕن.

''سەعید درەخشانی'' باسی لەوە کردووە کە داخرانی سوپێرمارکێتەکان بە هۆکارەکانی "بەرزبوونەوەی کاڵا مەسرەفییەکان، دابەزینی توانای کڕینی خەڵک، فرۆشی کەم، بەرزبوونەوەی ماڵیات و کرێی زۆر" ڕووی داوە.

ناوبراو وتوویەتی، ئەگەر ڕەوتی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان هەروەها هەڵبکشێت و توانای کڕینی خەڵک بەو شێوەیە دابەزێت، بێگومان زۆرێک لە چالاکییە سێنفییەکان لەو بوارەدا دادەخرێن.

پێشتریش بەرپرسی یەکیەتیی کۆفرۆشانی کەلوپەلی خۆراکی لە سەرەتای مانگی خەرمانان باسی لەوە کردبوو کە نرخی ئەو خۆراکانەی کە لە ئێران بەکارهێنانیان زۆرە، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ هەتا ئێستا ٣٠ هەتا ٩٠ لەسەد دابەزیوە.

"قاسم عەلی حەسەنی" وتبووی: “ئێمە بەپێی ئامارێک کە لە ئاستی ئێراندا هەمانە، لە ٥ مانگ و نیوی سەرەتای ساڵدا بەنیسبەت ٥ مانگ و نیوی ساڵی ڕابردوو، دابەزینی ٣٥ لەسەدیی فرۆشتنی خواردەمەنییەکانمان هەبووە".