کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠ لەسەدی قوتابخانەکانی ئێران لە بەرەبەری ڕووخاندان

10:41 - 30 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم لە هەمبەر کەرتی پەروەردە و بارهێنان، بەشێکی بەرچاوی قوتابخانەکانی ئێران بەرەو ڕووخان دەڕۆن.

محەممەد بیرانوەندی، ئەندامی کۆمسیۆنی پەروەردە و توێژینەوە، لە مەجلیسی ڕێژیمدا وتوویەتی: یەکێک لە کێشەکانی ئێستە، ئەوەیە کە ٣٠ لەسەدی قوتابخانەکانی ئێران لە بەرەبەری ڕووخاندان، بۆیە دەبێت هەرچی زووتر بوودجەی پێویست بۆ نوژەنکردنەوە قوتابخانەکان بە وەزارەتی پەروەردە بدرێت.

ئەم نوێنەری ڕێژیم، بە ئاماژە بەوەی کە دارایییەکانی سندووقی پاشەکەوتی ئەرزی بۆ ڕۆژانەی تەنگانەیە و هەنووکە بە سەرنجدان بە دۆخی نالەباری زۆر مەترسیداری قوتابخانەکان و هەڕەشە بۆ سەر گیانی قوتابییەکان ئەمڕۆ ڕۆژی تەنگانەیە، جەختی لەسەر ئەوە کردووە: لە بەرنامەی شەشمی پەرەسەندن، ٣ میلیارد دۆلار لە حەسێبی پاشەکەوتی ئەرزی بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە ڕووخاو و پرتووکاوەکان تەرخان کراوە، بەڵام هەتا ئێستە ئەم بوودجە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردن.

قوتابخانەکانی ئێران کە بە وتەی خودی بەرپرسانی ڕێژیم یەک لەسەر سێیان ڕووخاو و پرتووکاون، لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم بۆ ئاوەدانکردنەوەی قوتابخانە و شارەکە نوێیەکانی وڵاتی لوبنان، بە میلیاردها دۆلار ماڵ و سامانی خەڵکی ئێران بەتاڵان دەبات، هەتا بە مەبەستە ئاژاوگێڕانەکانی خۆی لە ناوچەکە بگات.