ئاکامی تاقیکارییەکانی کە قوتابییانی ئێران و کوردستان لە تاقیکاریی "تیمز"دا بەدەستیان هێناوە دەریخستووە کە سیستمی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران ناکارامەیە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە ڕۆڵی مامۆستایانی قوتابخانە لە پەروەدە و بارهێناندا زۆر باش نییە.
پێوەری ئابووری و کۆمەڵایەتیی بنەماڵەکانیش کاریگەریی لەسەر توانایی فێربوونی منداڵاندا داناوە.
هاوکات لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن تەنانەت هەندێک لە قوتابخانەکان لە کوردستان و ئێراندا هیچ شتێک فێری قوتابی ناکەن.
قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان لە دۆخێکی زۆر نالەباردان، بەشێکی زۆری قوتابییەکان لە خوێندن بێبەشن و لە لایەکی دیکەوە کەمیی مامۆستای قوتابخانە لە ئێراندا هەیە کە لە ماوەی ٥ ساڵی داهاتوودا ئەگەر چارەسەر نەکرێت، هەڕەشەیەکە بۆ سەر سیستمی پەروەردەی ئێران.
لە لایەکی دیکەشەوە وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم، توانای پێدانی مووچەی مامۆستاکانی نییە و به مامۆستاکان قەرزدارە و لە کاتی خۆیدا ناتوانێت مووچەیان پێ بدات.