کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠ لەسەدی لیسانسەکانی زانکۆ لە ساڵەکانی ٩٢ تا ٩٤ بێکارن

11:10 - 16 رێبەندان 2720

وەزیری زانست، لێکۆڵینەوە و فەناوەریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندوە کە ٤٠ لەسەدی لیسانسەکانی دەرچووی زانکۆ و ٢٥ لەسەدی کارناسیی باڵاکان بێکارن کە ئەو ئامارە تەنیا هی ساڵەکانی ٩٢ تا ٩٤ـە.

بەپێی ئامارێک کە ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە پاییزی ئەمساڵدا بڵاوی کردووەتەوە زیاتر لە نیوەی کۆی گشتیی ٦١ ملیۆن و ٧٤٩ هەزار کەس لە حەشیمەتی سەرووی ١٥ ساڵ لە ئێراندا لەڕووی بەشداری لە چالاکییە ئابوورییەکانەوە ناچالاکن.

"مەنسوور غوڵامی" وەزیری زانست، لێکۆڵینەوە و فەناوەریی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "هەر دەرچوویەکی زانکۆ کە بیمەی هەبێت لە ڕوانگەی ئێمەوە بێکار نییە، ئاماری دامەزراوانی دەرچووانی زانکۆی ساڵەکانی ٩٥ و ٩٦ و ٩٧ـمان لەنێو ئامارەکانی خۆماندا نییە بەڵام چاوەڕوانی دەکەین کە بێکاری زیاتر بێت".

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران نرخی بێکاریی گشتیی ژنان دوو هێندەی نرخی بێکاریی پیاوانە، ئەو پێوەرە بۆ پیاوانی سەرووی ١٥ ساڵ ٨.٩ لەسەدە و بۆ ژنان ١٧.٣ لەسەدە.

هەروەها نرخی بەشداری لە چالاکییە ئابوورییەکاندا بۆ ژنان لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە و گەیشتووەتە ١٧.٥ لەسەد لەبەرانبەر ئاماری ٧١ لەسەدیی پیاواندا.