کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٤ لەسەدی پاشەکەوتە بانکییەکانی ئێران، تەنیا لە دەستی یەک لەسەدی دانیشتووانیەتی

12:37 - 12 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی ڕێژیم ئاشکرای کردووە، کە زۆرینەی پاشەکەوتە ماڵییەکان تەنیا لە دەستی یەک لەسەدی دانیشتووانی ئێرانە.

غوڵامڕەزا مسباحی موقەدەم، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، باسی لەوە کردووە، کە لە ئێراندا ٧٤ لەسەدی پاشەکەوتە بانکییەکان تەنیا لە دەستی یەک لەسەدی سەرمایەدانەرەکانە و سیستمی بانکیی ئێران دەبێتە هۆی داڕمانی ئابووری وڵات.

ناوبراو لە قسەکانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە سیستمی بانکداریی ئێران، بە دوو شیوە پاشەکەوت دەکرێت، کە شێوەیەکی پاشەکەوت بۆ سەرمایەدانانە و شێوەیەکی بۆ پاشەکەوتە و پێدانی "قەرزی بێسوود" بە بانکەکان لە لایەن خەڵکەوە هیچ واتایەکی نییە.

هەروەها ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە ٦٠ لەسەدی پارەی نەختی وڵات بۆ چالاکییە نابەرهەمهێنەرەکان بەکار دەچێت و تەنیا ٤٠ لەسەدی لە بەشی بەرهەمهێنەریی ئابووری بەکار دەبردرێت، کە ڕیسک لە بازاڕ وای کردووە، کە بەرهەمهێنەران، بەرهەمهێنانی خۆیان ڕاگرن و بە دانانی سەرمایەکانیان لە بانک بەبێ ریسک سوودی سەرمایەکەیان وەرگرن.

غوڵامڕەزا مسباحی موقەدەم لەسەر سیستمی بانکی لە ئێراندا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بانکەکان لە کێبڕکێدان بۆ زیادکردنی نرخی سوود و بووەتە هۆی ئەوەی کە سەرمایەکان بەرەو بەشی بەرهەم نەهێنان بڕۆن و ئابووریی وڵاتیان بەڕەو هەڵدێر بردووە.

ئەم وتانەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە، کە باسی لەوە نەکردووە، ئەو یەک لەسەدی کە ٧٤ لەسەدی پاشەکەوتە بانکییەکانیان هەیە، سەرانی ڕێژیم و ئاغازادەکانن و هەروەها، ڕێژیم چەندین ساڵە کە پڕوپاگەندە لەسەر سیستمی بانکداریی خۆی دەکات و بە بانکداریی ئیسلامی ناودێری کردووە و بە بەردەوامی باسیان لەوە دەکرد، کە لە سیستمی بانکداریی ئیسلامی، ئابووریی وڵات بەهێز دەبێت و خەڵک لەبەرچاو دەگیردرێن.