کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٧ لەسەدی پیاوانی سنە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە ن

16:46 - 10 رێبەندان 2721

"ئومید بەنەفشی" بەڕێوەبەری گشتی و پێشگرتن لەگەڵ نەخۆشییەکان لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای "سنە" وتوویەتی: "بەپێی دوایین ئامار کە ساڵی ٩٥ بڵاو کراوەتەوە، ڕێژەی ئەو نەخۆشانەی لە پارێزگای "سنە" شێرپەنجەیان هەبووە، ١ هەزار و ٩٥٢ کەس بووە کە لەو ڕێژەیە ٨٢٢ کەس واتە ٤٣ لەسەدیان ژن و ١ هەزار و ١٠٣ کەس بەرابەر بە ٥٧ لەسەدیان، پیاون.

"بەنەفشی" هەروەها باسی لەوە کردووە کە لە ئێستادا ٥٧ لەسەدی پیاوەکانی ئەو پارێزگایە بە دەست شێرپەنجەوە دەناڵێنن.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای "سنە"، لە ئێستادا نەخۆشیی شێرپەنجە لە دوای نەخۆشیی دڵ و دەمارەکان، وەکوو دووهەمین هۆکاری گیانلەدەستدان لە کۆمەڵگەدا بە ئەژمار دێت و لەو ساڵانەدا بەشێویەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.

پزیشکانی شارەزای شێرپەنجە هۆکاری ئەو نەخۆشییە بۆ خۆراکی ناتەندروست، ڕێژەی زۆری مادەی کیمیایی لەنێو خۆراکەکاندا و هەوای پیس دەگەڕێننەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە لەو مانگانەی دواییدا ڕێژەیەکی زۆر لە سەوزە و میوە کە ڕێژیمی ئێران بۆ وڵاتانی دەرەوەی ناردبوون بەهۆی ڕیژەی زۆری مادەی کیمیایی گەڕێندرانەوە بۆ ئێران و بەرپرسانی ڕێژیمیش بە نرخێکی کەمتر ڕەوانەی بازاڕیان کرد.