کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٨ لەسەدی ژنان لە پارێزگای سنە بێکارن

12:24 - 23 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە ٣٨ لەسەدی ژنان لە پارێزگای سنەدا، سەرەڕای ئەوەی کە خوێندنی باڵایان تەواو کردووە بێکارن و ٦٦ لەسەدی ژنانی ئەم پارێزگایەش تەنیا کاری ماڵداری دەکەن.

"لەیلا ئاژیر"، بەرپرسی کاروباری ژنان و بنەماڵە لە پارێزگاریی پارێزگای سنەدا، باسی لەوە کردووە کە ٣٨ لەسەدی ژنان لەو پارێزگایەدا، سەرەڕای تەواوکردنی خوێندنی باڵا، بێکارن و بەدوای کاردا دەگەرێن.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ٦٦ لەسەدی ژنان لە پارێزگای سنەدا تەنیا بە کاری ماڵدارییەوە خەریکن.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم وێڕای چەواشەکاری لە ئاماری ڕاستەقینەی ژنانی بێکاری ئەم پارێزگایەدا باسی لەوەش کردووە کە لە چوارچێوەی گەڵاڵەیەک بە ناوی "گەشەی دۆخی ژنان و بنەماڵە"، خەریکی کۆکردنەوەی ئاماری ژنان لە بوارگەلی وەک ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، فێرکاری و بێهداشتین.

بێکاربوونی ژنان بە تایبەت لە شارەکانی کوردستاندا، یەکێک لە سەرەکیترین سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە کە سەرەتا بە هۆی کوردبوون و دواتریش بە هۆی ژن بوون، ئەو توێژە کارایەی کۆمەڵگا لە بازاڕی کار و ئابووری دوور دەخاتەوە، کە ئەمەش لە گرینگترین هۆکارەکانی زۆربوونەوەی دیاردەگەلێکی وەک خەمۆکی، خۆکوژی، خوووگری بە مادە هۆشبەرەکان و بە دەیان دیاردەی دیکەیە کە کۆمەڵگای ئێران و کوردستانی تەنیوە.