کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٣ لەسەدی کوژراوانی خەزەڵوەر بە گولـلە لە کەللـەی سەریان درابوو

12:31 - 3 بانەمەڕ 2721

"ڕووحوڵڵا جومعەیی" ڕاوێژکاری وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی ٢٣ لەسەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ لە مەودایەکی نزیکەوە بە گولـلە لە کەللـەی سەریان داربوو.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هەر کامەیان بە جیاواز باس لە ناڕەزایەتی و چۆنییەتی سەرکوتی ئەو ناڕەزایەتییە دەکەن.

''عەبدوڵڕەزا ڕحمانیی فەزڵی'' وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسدا بەنیسبەت خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ باسی لەوە کردبوو، هیچ کەس لەوە ڕازی نییە کە دڵۆپێک خوێن لە لووتی کەسێک بێت، بەڵام ئەم ڕووداوانە دەگەڕێتەوە سەر هۆکاری تایبەت کە ئێرە جێگای باس لێکردنی نییە.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتی خۆیدا بەنیسبەت ئاماری کوژراوانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، ئاماژە بە کوژرانی ١٥٠٠ خۆپیشاندەر کردبوو کە لەو ئامارە ١٣٠ کەسیان خەڵکی شاری "ماهشەهر"ی خووزستانن کە بە شێوەی ڕاستەخۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە درابوونە بەر دەستڕێژی گولـلە.

دوای تێپەڕینی زیاتر یەک ساڵ لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ هەتا ئیستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەوە نەداوە و تەنیا جارێک ''موجتەبا زولنووری'' بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم وتبووی کە لەم خۆپیشاندانەدا ٢٣٠ کەس کوژراون.