کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠ لەسەدی گوندەکانی سەردەشت و پیرانشار ئینتێرنێتیان نییە

11:19 - 19 رەزبەر 2720

نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە پیرانشار ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٥٠ لەسەدی گوندەکانی سەردەشت و پیرانشار ئینتێرنێتیان نییە و زۆربەشیان کە هەیانە نێتیان خاوە و پچڕ پچڕە.

"کەماڵ حوسێنپوور" نوێنەری ڕێژیم لە پیرانشار و سەردەشت ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەی کە ٥٠ لەسەدی گوندەکانی ئەو دوو شارە ئینتێرنێتیان نییە و زۆربەشیان نێتیان خاوە، لە هەندێک لە گوندەکان تەنانەت ئانتێنی تەلەفۆنیش لەگەڵ کێشە بەرەوڕوویە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئەو بنەماڵە کەمداهاتانەی کە قوتابییان هەیە و دەبێ بە شێوەی ئانلاین و لە فەزای مەجازیدا دەرس بخوێنن نازانن دەبێ چ بکەن، لە حاڵێکدا دەبا سیستمی خوێندنی قوتابخانەکانی وڵات زیرەک کرایەت.

"حوسێنپوور" هەروەها وتوویەتی، لە مادەی ٦٧ی یاسای بەرنامەی ٥ ساڵەی شەشەمی گەشەی ڕێژیمی ئێران، وەزارەتی پەیوەندییەکان و فەناوەریی زانیاری ئەرکدار کراوە بۆ گەشەی سەرمایەدانان لە ژێرخانەکانی خزمەتگوزارییە ئینتێرنێتییەکان لە ناوچە بێبەشەکان و گوندەکاندا.

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی، ئەو خزمەتگوزارییانە دەبێ بە شێوەیەک بێت کە بتواندرێت لانیکەم چوار خزمەتی ئەلکترۆنیکی لەوانە تەندروستی، فێرکاری، وەرزێڕی و بانکی لە ٨٠ لەسەدی ئەو گوندانەی کە سەرووی ٢٠ بنەماڵەی تێدایە جێبەجێ بکرێت.

لە دۆخی ئێستادا کە قەیرانی کۆرۆنا باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە و هەموو ئەرک و کاروبارێک لە ڕێگای مەجازییەوە ئەنجام دەدرێت و بەتایبەت بەشی فێرکاری و خوێندن بووەتە ئانلاین، نەبوون و خاوبوونی ئینتێرنێت غەدرێکی گەورەیە لەو قوتابییانەی کە لە ئینتێرنێت بێبەشن.