کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان زیاتر پەرە دەستێنێت

11:22 - 1 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان لە لایەن مۆرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سەرتاسەری شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی لە پەرەسەندنە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەست لە تاڵان و دزی و فێڕۆدانی سەرچاوە سروشتییەکان و کانگاکانی کوردستان هەڵ ناگرێت و جیا لەوەی کە بە بیانووی مانۆڕی سەربازیی و بیانووگەلێکی جۆراوجۆر ژینگەی کوردستان لە نێو دەبات، هاوکات لە ڕێگای بەکرێگیراوانی تایبەتەوە هەوڵی بڕین دارستانەکان، سووتاندنی لێڕەوار و لەوڕگەکان و تەنانەت مەزرای خەڵکی کوردستانیش دەدات.

لەم بارەوە، لە ناوچەی "سومار"ی شاری قەسرشیرین لە پارێزگای کرماشان، بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە مووچە و مەزرای خەڵکی ئەو ناوچەیە و نەبوونی کەرەستە پێویستی ئاگرکوژاندنەوە و بەهاناوە نەهاتنی ناوەندی ئاگرکۆژێنەوەی ڕێژیم، ئاگرەکە پەرەی سەندووە و زیاتر لە چەندین دۆنم لە مەزرای خەڵک و لەوڕگە و لێڕەوارەکانی ناوچەکە سووتاون.

لەم پەیوەندییەدا، بڕینی داری دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەکانی شاری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە و بەپێی وتەی شایەتحاڵان لەو شارە، بەکرێگیراوێکی تایبەتی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران، خەریکی گواستنەوەی دوو تۆن لە دارە بڕدراوەکانی زاگرۆس لە شاری پیرانشار بە شێوەی قاچاخ بۆ دەرەوەی کوردستان بووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەهاباد، ڕێڕەوی ئاوەڕۆی شارەکی پیشەسازیی ئەو شارە لە نزیک گوندی "ترشکان" بووەتە هۆکاری ئازاری خەڵکی ئەو گوندە و کێشە و گرفتێکی زۆری بۆ زەوی و زار و باخدارانی ناوچەکانی دەوروبەری ئەو گوندە دروست کردووە، بەڵام تاکوو ئێستا ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵ نەگرتووە.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، هێزە تێرۆریستییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، بە لێدانی جادە و دروستکردنی بنکە و مۆڵگەی نوێی تێرۆریستیی خۆیان لە چیاکانی کۆساڵان، بوونەتە هۆکاری لەنێوچوون و وێرانکردنی دەیان دۆنم لە لێڕەوار و لەوەڕگەکانی ئەو ناوچەیە و لە هیچ فەوتانی ژینگە و بڕین و لە ڕیشەهەڵکێشانی دارستانەکانی کۆساڵان سڵیان نەکردووە.

لە دوو مانگی ڕابردووی سەرەتای ساڵی نوێی هەتاویدا، بڕین و تاڵانی دارستانەکانی زاگرۆس، سووتانی لێڕەوار و لەوڕگەکانی ژینگە و سروشتی کوردستان، لە لایەن مۆرە تایبەتەکانی ڕێژیمەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو و پیلانداڕێژاو، کە لە ڕاستیدا دوور لە چاوەڕوانی نییە، پەرەی سەندووە و لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە سڵیان نەکردووە.

لە کاتی ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی کوردستان لە هەمبەر ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە، هێزەکانی ڕێژیم بە دڕندانەترین شێوە سەرکوتیان دەکەن و بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی ئەو ڕێژیمە، دەسبەسەریان دەکەن.