کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێو هەندێک لە دەرمانەکان لە ئێراندا ماددەی هۆشبەر بەکار دەبرێت

11:53 - 22 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە زۆریک لە دەرمانخانەکانی ئێراندا، هەندێک دەرمان بە خەڵک دەفرۆشرێت کە تێکەڵ بە ماددەی هۆشبەرن و ئەمە مەترسیی تەندروستی و گیانیی بۆ خەڵک دروست کردووە.

''محەممەد مەسعوود زاهیدیان''، سەرۆکی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا  وتوویەتی: "بەداخەوە شاهیدی ئەوەین کە لە زۆرێک لە دەرمانخانەکاندا کەپسولی کزکردنەوەی تیکەڵ بە ماددەی هۆشبەر دەفرۆشرێت".

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کرد کە لەم کەپسولانەی کە بۆ کزکردنەوە کەڵکیان لێوەردەگیرێت، ماددەی ڕەوانگەردانی وەک ''متامفتامین'' یان "شیشە"یان تێدا بەکار بردراوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو دەرمانە کزکەرەوانەی کە لە ئێراندا بڵاو دەبنەوە، لە لایەن کەسانێکی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، ماددەی سڕکەری جۆری "شیشە"ی تێکەڵ دەکرێت.

بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیم، زانیارییەکی چڕیان لەسەر فرۆشیارانی ماددە هۆشبەرەکان هەیە، بەڵام هیچ هەوڵێک بۆ بنەبڕکردنی فرۆشیارانی ماددە هۆشبەرەکان نادەن، ئەمەش ئەم ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە فرۆشیارانی ماددە هۆشبەرەکان، مۆرە و بەکرێگیراوانی خودی ڕێژیمن و دەستیان بۆ بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان کراوەیە.