ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندان لە "واشنتۆن" كوردستانیانی هەر چوار بەشی کوردستان و نوێنەری ڕێكخراوە مەدەنییەكان لەبەردەم وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ داکۆکی لە مامۆستا "زارا محەممەدی" مامۆستای زمانی کوردی کە ماوەی ٥ ساڵ لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە بە ناڕەوا گیرانی بەسەردا سەپاوە کۆبوونەوەو ناڕەزایەتیان دەربڕی.
ئامادەبووان بە وتنەوەی دروشم و بەرزكردنەوەی وێنەی مامۆستا زارا ڕێزیان لە خەبات و چالاكیی مەدەنی ناوبراو گرت و داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئامریكا كرد گرینگیی پتر بە پرسی مافەكانی مرۆڤ لە ئێرانبدەن. ئامادەبووان پشتیوانی خۆشیان بۆ گیراوە سیاسییەكانی دیكە كورد لە ئێران دەربڕی.
لە چوارچێوەی چالاكیەكەدا وێڕای سروود و شێعر كۆمەڵێک پەیام و وتار لەسەر گرینگیی زمانی كوردی و هەوڵەكانی مامۆستا زارا و هاودیدەكانی پێشكەش كران.
ئامادەبووان خوازیاری بە فەرمی ناسینی زمانی كوردی لە ئێران بوون و داوایان كرد كاربەدەستانی تاران ڕێز لە یاساكانی خۆیان بگرن و ئەسڵەكانی ١٥ و ١٩ی یاسای بنەڕەتیی وڵات لەبارەی مافی خوێندن پاش ٤٠ساڵ لە دەسەڵاتداری جێبەجێ بكەن ئەگەر دژی كورد و كوردستان نیین.
ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە ئامریكا لەسەر داوای كۆمیتەی حیزب، بە شێوەیەكی بەرچاو بەشداری ئەو چالاكییە بوون.
پێشتریش لە جێژنی دووی ڕێبەنداندا داوا لە هاونیشتمانیان كرابوو وەكوو ئەركێكی نەتەوەیی بۆ پشتیوانی لە گیراوە سیاسییەكانی كوردستان بە گشتی و مامۆستا زارا بە تایبەتی بەشداری لەو چالاكییەدا بكەن.
ئەو چالاكییە لەلایەن ڕێكخراو و چالاكانی مەدەنییەوە بەڕێوە چووبوو.