کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئاگرکەوتنەوەکانی زاگرۆس شاخەوانێک گیانی لەدەست دا

13:19 - 14 جۆزەردان 2720

لە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی پارێزگای کەهگیلۆوییە و بۆیەرئەحمەد، کە ماوەی چەندین ڕۆژ درێژەی هەبوو، شاخەوانێک کە خۆبەخشانە لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگردا بووه، گیانی لەدەست دا.

''ئەڵبۆرز زارعی'' شاخەوانێک کە بە شێوەی خۆبەخشانە لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی زاگرۆس لە پاریزگای کەهگیلۆوییە و بۆیەرئەحمەد بوو، بەهۆی سووتانی جەستەی، گیانی لەدەست دا.

''ئەلبۆرز زارعی'' یەکێک لە شاخەوانانی ئەنجومەنی شاخەوانیی ''زاگرۆس'' و یەکێک لە ئەندامانی چالاکی گرووپی ژینگەپارێزیی "سەبز گامان" (سبز گامان) بوو.

گیانلەدەستدانی ئەو شاخەوانە ژینگەپارێزە لە حاڵێکدایە کە لە ڕەوتی سووتانی دارستانەکانی زاگرۆس کە چەندین ڕۆژ درێژەی هەبوو، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ هەوڵێکی جیددییان بۆ کوژاندنەوەی ئەنجام نەداوە.

دوای ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆس لە پارێزگای کەهگیلۆوییە و بویەرئەحمەد، سەرەڕای هەوڵی خۆڕسکانەی خەڵک بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، ب بەهۆی شاخاویبوونی ناوچەکە و کەمتەرخەمیی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم، سەدان هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتان.