کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بارێکی نێردراوی لوبنان بۆ عەرەبستان، دەست بەسەر چوار ملیۆن حەبی "کاپتاگۆنـ"ـدا گیرا

10:36 - 22 سەرماوەز 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز، "ڕێکخراوی ئەمنییەتی نێوخۆیی لوبنان" ڕایگەیاند: "دەستمان بەسەر بارێکی گەورەی مادەی هۆشبەردا گرتووە؛ ئەوە گەورەترین بار بووە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەستی بەسەردا گیراوە".

بەپێی ڕاپۆڕتی "نەشناڵ نیوز"، چوار ملیۆن حەبی "کاپتاگۆن" کە بڕیار وابووە بۆ عەرەبستان بنێردرێت، لە بارێکی قاوەدا لە باشووری لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە.

ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکی دوورودرێژدا بە ئاماژەدان بەم بابەتە نوسیویەتی، کەسانی سەر بە "ڕێژیمی سووریە و حیزبوڵڵای لوبنان" بە پێکهێنانی کاناڵی بەرهەمهێنان و قاچاخی مادەی سڕکەری "کاپتاگۆن" داهاتی میلیاردییان وەدەست خستووە.

"نیۆیۆرک تایمز" ڕایگەیاندووە کە ئەو گرووپانە، سووریە و لوبانیان کردووە بە سەرچاوەی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانی حەبی سڕکەر.

هەروەها سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەم کارەدا ڕۆڵی هەیە و لە ڕێگای گرووپە تێرۆریستی و میلیشیاکانی ناوچەکەوە کە بەتەواوی پشتیوانییان لێ دەکات، کاری قاچاخی مادەی هۆشبەر دەکات.

ڕۆژنامەی "تایمز" ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی: "قاچاخی ماددەی هۆشبەر ساڵانە میلیاردها دۆلار قازانجی بۆ سپای پاسداران هەیە. قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە ئێران بەتەواوەتی لە قۆرخی سپای پاسداراندایە. سپای پاسداران پەیوەندیی لەگەڵ تۆڕە گەورەکانی بەرهەمهێنان و قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە جیهاندا هەیە".