کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بواری خزمەتگوزارییەوە گرینگی بە شار و گوندەکانی پارێزگای لوڕستان نادرێت

11:19 - 15 بەفرانبار 2721

بە دوای لافاوی ساڵی ١٣٩٨ پردی گوندی "ئەنبار زروونیـ"ـی شاری کۆهدەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان خراپ بووە و دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون لەو لافاوە هەتا ئێستا ئەو پردە دروست نەکراوەتەوە.

گوندی "ئەنبار زروونی" ٧٠٠ بنەماڵەیە و لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا دانیشتووانی ناچاران بە ڕێگایەکی خاکیدا هاتوچۆ بکەن کە بووەتە هۆی ئەوەیکە ڕێگایان شەش کیلۆمیتر دوورتر ببێتەوە.

پێشتر بەشێک لە لاوانی گوند کە بە مسافرکێشی بژێویی ژیانی خۆیان دابین دەکرد، بە دوای خراپبوونی پرد ناچارن بۆ شارەکانی دیکە کۆچ بکەن.

دانیشتووانی گوند هەتا ئێستا چەندین جار سکاڵایان تۆمار کردووە بەڵام دروستکردنەوەی پرد تەنیا لە ئاستی بەڵێنیدا ماوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا "مەجید دریکوەند" جێگری سەرۆکی شورای شاری خوڕەم ئاوای پارێزگای لوڕستان وتوویەتی، بەهۆی بێ کیفایەتیی بەڕێوەبەرانی شار و گەندەڵیی ماڵی، ئەو شارە وەک گوندێک بەڕێوە دەچێت.

"دریکوەند" وتوویەتی، پێویستە شارەدار بەڕێوەبەرانی پێشنیارکراو بە زووترین کات لەسەر کار لا ببات و کەسانی بە ئەزموون و پسپۆڕ دابنێت.