کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە "بۆزی سینا"ی ورمێوە بۆ "بەیر"ی قوروە

11:56 - 31 پووشپەڕ 2720

پاش هەڵگرتنی تابلۆی ناوی شاخی "بۆزی سینا" لەلایەن دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمەوە، ئەمجارە لە قوروە مۆرەکانی ڕێژیم تابلۆی چیای "بەیر"یان لە شاری قوروە کۆ کردووەتەوە.

ماوەیەکە ڕێژیمی ئێران لەڕێگای دەستوپەیوەندییەکانیەوە دەستی کردووە بە سڕینەوەی ناوی کوردیی شوێنەکانی کوردستان و لە یەکەم هەنگاودا تابلۆی شاخی "بۆزی سینا"ی لە ورمێ هەڵگرتەوە کە ناڕەزایەتیی خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە و پێشیان بەو کردەوەیە گرت.

لە درێژەی ئەو هەوڵە دزێوانەی ڕێژیمدا، چەند کەس لە مۆرەکانی ڕێژیم چوونەتە سەر لووتکەی شاخی "بەیر" لە شاری قوروە سەر بە پارێزگای سنە و تابلۆی ناوی ئەو شاخەیان تێک داوە.

پاش بەدواداچوونی خەڵکی قوروە دەرکەوتووە کە چەند کەس لە گرووپی شاخەوانیی "قاجر قوروە کوردستان"، ئەو کارەیان ئەنجام داوە.

ئەو کەسانە بۆ پاساوی کارەکەیان بەشێوەی نافەرمی ڕایانگەیاندووە کە لە سەرەوە بڕیاریان پێ دراوە کە تابلۆی هەموو ئەو شاخانەی کە ناوەکانیان کوردییە لە شاری قوروە کۆ بکەنەوە.

شاخی "بەیر" بەرزترین شاخی نێوان دوو شاری "سونقوڕ و کولیایی" و "قوروە"یە کە بەرزاییەکەی دەگاتە ٣٣٠٠ میتر و سروشتێکی دڵڕفێنی هەیە.

ڕێژیمی ئێران لەپێناو سیاسەتی لەمێژینەیی توانەوەی کولتووری و ئاسمیلاسیۆندا، لە هەر هەوڵ و کردەوەیەک کەڵک وەردەگرێت و هێرش دەکاتە سەر سەرجەم بنەماکانی سەلماندنی شوناسی نەتەوەی کورد.