کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەرەبەرەی نەورۆزدا هێندێ میوە لە ئەنبارەکانی ئێراندا دەست ناکەوێت

12:45 - 28 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بۆ کۆنتڕۆڵی نرخی میوە لە بەرەبەری نەورۆز، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران میوەیان ئەنبار کردووە، بەڵام نارنگی تێدا نییە.

گرانی و هەڵکشانی نرخی سەوزە لە بازاڕەکانی ئێراندا لە ئاستێکدایە، کە سفرەی خەڵک لە بۆنە و جێژنەکاندا میوە بە خۆیەوە نەبینێت و ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ بکەوێتەوە.

"شیرزاد"، جێگری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی هاوکاریی گوندەکان لە دانیشتنێکدا، بەرنامەی کۆنتڕۆڵی نرخی میوەی دیاری کردووە، کە لەو بەرنامەیەدا تەنیا باسی پرتەقاڵ و سێو کراوە، ئەویش بەشی زۆری هاوردە کراوە.

گرانی و نەبوونی میوە و سەوزە لە ئێراندا لە ئاستێکدایە، کە زۆربەی خەڵکی چینی مامناوەندیش توانای کڕینی نییە.

دۆخی ئابووری ئێران بە هۆی گەمارۆوەکانەوە کاریگەریی لەسەر سەرجەم بازاڕ و بەتایبەت خۆراک داناوە.

کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ شاردنەوەی ناتوانایییەکانی خۆیان به نیسبەت کۆنتڕۆڵی بازاڕ بەتایبەت میوە باس لە ٥ هۆکاری وەک بەرپرسان و چالاکانی بازاڕی میوە، سەرمابردوویی باخەکان، دەڵاڵانی بازاڕ، نەبوونی چاوەدێریی بەسەر بازاڕ و لاوازیی وەرزێڕی دەگەڕێننەوە.

کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ئەو حکوومەتەی لە بواری وەرزێڕیدا بووەتە هۆی ئەوە باخداران سێوی دەرجە یەک، لە جیاتی ئەوەی که به شێوەی بەستەبەنیکراو ڕەوانەی بازاڕ بکەن، وەک هەڵڕێژاو بە کارخانەکانی سرکە و کۆنسانترەی بفرۆشن.

وڵاتی ئێران و بەتایبەت کوردستان لە بواری وەرزێڕی و باخدارییەوە سەرچاوەیەکی گرینگی وەبەرهێنانی میوەن؛ بەڵام نەبوونی بەرنامەی گونجار بۆ پیشەی وەرزێڕی دۆخی ئابووریی ئێرانی بەم شێوەیە خستووەتە گرفتەوە.