کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە جوانڕۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو

12:11 - 1 گەلاوێژ 2720

خەڵکی "جوانڕۆ" سەر بە پارێزگای کرماشان لەهەمبەر نەبوونی خزمەتگوزاریی "مەسکەن مێهر" لەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

شەوی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕ، خەڵکی نیشتەجێی مەسکەن مێهری "مەولەویـ"ـی "جوانڕۆ" لەهەمبەر کێشە و گرفتی یەکەی نیشتەجێبوونی مەسکەن مێهر و زۆرکردنی قەرزی مانگانەی وامەکانیان، کۆبوونەوەیەکی بەربڵاوی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

خەڵکی ناڕازیی جوانڕۆ ڕایانگەیاندووە، هەر چەند کە قەرزی پارەی مانگانەی وامەکانی "مەسکەن مێهر" زۆر کراوە، بەڵام هێشتاش ئەو یەکە نیشتەجێیانە تەواو نەکراون و لە زۆر خزمەتگوزاری بێبەرین.

هەرچەند پێشتر خاوەن ئەو یەکە نیشتەجێیانە لەلای پارێزگاری کرماشان، فەرماندار، شارەداری و ئیدارەی مەسکەنی جوانڕۆ سکاڵیان تۆمار کردبوو و بەڵێنیی چارەسەرییان پێ درابوو، بەڵام هەنووکەش وڵامی دڵخوازییەکانیان پێ نەدراوەتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم سەرەتا بە خەڵیان ڕاگەیاندبوو کە بۆ هەر یەکەیەک بڕی ٣٠ ملیۆن وەردەگرن، بەڵام ئێستا خاوەن ماڵەکان دەبێ ٤٥ ملیۆن بۆ هەر یەکەیەک پارە بدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دەبا ئەو خانووانە بە تەواوکراوی بە خاوەن ماڵەکان ڕادەست بکرایەت، بەڵام زیاتر لە نیوەی ئەو خانووانە هێشتا ٥٠ لەسەد کاریان ماوە و خەڵک بە ناچاری و تێچووی خۆیانەوە چاکیان کردووە و تەنانەت کۆڵانەکانی ئەو شوێنانەش قیرتاو نەکراون.