ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردان لە جێژنیکان، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە ژنانی دەروەست و تێکۆشەری نێو شۆڕش ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ڕێزلێنان لەو ژنانە بەڕێوە برد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
لەو ڕێوڕەسمەدا بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکان بەشدار بوون.
لە بڕگەی یەکەمدا شێعرێک لەلایەن "مێهرەبان دێهقان'' پێشكەش کرا.
دواتر ڕێز لەو ژنانە گیرا کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە ڕیزەکانی شۆڕشدان و بۆ ماف و ئازادیی نەتەوەی کورد خەبات دەکەن. ئەو ژنانە هەروەها لە ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستاندا ئەندام بوونە.
لەوحی ڕێزلێنانەکان لەلایەن "کەریم پەرویزی" ئەندامی دەستەی کارگێڕی، " شنە دروودگەر'' سکرتێری یەکیەتیی ژنان، "سەیران عیزەتی" ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان، "مروارید مەولوودی" بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە جێژنیکان و "لەیلا ڕەبانی" ئەندامی یەکیەتیی ژنان، پێشکەش بەو ژنانە کرا کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە ڕیزەکانی شۆڕشدان.