کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە خۆپیشاندانی وڵاتانی ئازاددا پۆلیس بریندار دەبێ

12:13 - 4 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە خۆپیشاندانی چەند هەزار کەسی لە پاریس چەندین پۆلیس بریندار بوون و لە کاتی هێرشی خەڵک بۆ سەر مەقەڕی سەرۆک وەزیریدا پۆلیس بە ماشینی ئاوپاش، خەڵکی دوور خستەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، بەبۆنەی گرانبوونی نرخی گازۆییلەوە، ژمارەیەک لە خەڵکی فەرانسە دەستیان دایە خۆپیشاندان و بە وتەی هەواڵدەرییەکان، گەورەترین خۆپیشاندان لە پاریس، رۆژی شەممە ٢٤ی نۆڤامبر بەڕێوە چووە کە لەودا نزیک بە هەشت هەزار کەس بەشدار بوون.

ئەم نارەزاییانە بەرامبەر بە چوونە سەری نرخی گازۆییل بووە کە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا لە سەدا بیست گران بووە و هەندێ لە گروپە مەدەنییەکان داوای ناڕەزایی دەربڕینیان کردبوو کە لە هەندێک لەو خۆپیشاندانانەدا دەستیان دایە توندوتیژی و هێرش بۆ سەر پۆلیس و بنکە حکومەتییەکان، کە لە ئاکامدا چەندین پۆلیس بریندار بوون و پۆلیسیش بۆ دوورخستنەوەی خەڵک لە بینای حکومەتی و مەقەڕی سەرۆک وەزیری، بە ماشینی ئاوپاش، خەڵکی دوور کردووەتەوە.

شارەزایانی سیاسی ئەم خۆپیشاندانانە لەگەڵ وڵاتانی دیکتاتۆریی وەکوو ئێران هەڵدەسەنگێنن کە لە هەر نارەزاییەکی خەڵکیدا، هێزە داپڵۆسێنەرەکان دەیان کەس دەکوژن و سەدان کەس لە زینداندا ئەشکەنجە دەدەن و بە حوکمی ئێعدام و زیندانی دەیان ساڵە، دەیانهەوێ خەڵک لە داواکانیان دوور بخەنەوە.

جیگای سرنجی زیاتر ئەوەیە کە لە کاتێکدا خەڵک لە فەڕانسە بۆ گرانبوونی گازۆیل نارەزایی دەردەبڕن کە ئەو وڵاتە خۆی نەوتی نییە و دەیکڕێ، بەڵام لە ئێراندا کە دونیایەک نەوتی هەیە، نەک لە ساڵدا، بەڵکوو لە مانگێکدا نرخەکان دەفڕن و هەرکەسیش نارەزایی دەرببڕێ، یان جێگای زیندانە یان بە هاندراوی ئامریکا و ئیسراییلی دەناسێنن.

چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئابووریی ئێران بەرەو داڕمانی تەواو دەچێ و نارەزاییە کرێکاری و مەدەنی و خوێندکارییەکان پەرە دەستێنن و هەر رۆژ لە گۆشەیەکی ئێران خەڵک بە دژی سیاسەت و سەرکوتەکانی رێژیمی تاران رادەپەڕن و ناڕەزایی دەردەبڕن و دەزگای سەرکوتی خۆپیشاندان چیدی وەڵامدەر نابێ بۆ رێژیم.