کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دووکان و بازاڕەکانی کوردستان و ئێران ڕۆن بە کەمیی دەست دەکەوێت

11:58 - 18 خەزەڵوەر 2720

ڕۆنی خۆراکی لە دووکان و بازاڕەکانی شارەکانی کوردستان و ئێران بە تایبەت تاران بە کەمی دەست دەکەوێت و زۆرێک لە دووکانەکان ڕۆنیان نییە.

کەمیی ڕۆن لە لە بازاڕەکانی ئێران چەند حەوتوویەکە هاتووەتە ئاراوە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەیکە وادە و بەڵێنی زۆریان داوە کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، بەڵام هێچ یەک لە بەڵێنییەکانیان وەدی نەهێناوە.

کێشەی کەمیی ڕۆن لە بازاڕەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی دوو قاتی نرخی ئەم کاڵایە، بنەماڵە کەمداهاتەکانی زیاتر نیگەران کردووە، چوونکە دەستنەکەوتنی ڕۆن و بەرزبوونەوەی نرخی ئەو کاڵایە لە دابینکردنی لانیکەمی خۆراکی ڕۆژانەی خۆیان بێبەش دەبن.

لەم نێوانەدا، میلیۆنان بنەماڵەی کەمداهات، لەو دۆخەی ئێستادا کە کۆرۆنا هەموو ئێرانی تەنیوە، ناچارن بۆ وەدەستهێنانی ڕۆنێکی هەرزانتر چەندین کاتژمێر لە سەفدا ڕاوەستن.

لە دۆخی ئێستای ئێراندا کە ملیۆنان بنەماڵەی کەمداهات لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، توانای دابینکردنی لانیکەمی بژیوی ژیانیان نییە، بەڵام گرووپە مافیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران تەواوی جومگەکانی بازاڕیان لە پاوانی خۆیان ناوە و لەم دۆخە کەڵکاژۆ وەردەگرن.