کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دوو ساڵی ڕابردوودا ١٠٠ میلیارد دۆلار سەرمایە لە ئێران چووەتە دەرەوە

10:54 - 4 رەشەمه 2720

سەرۆکی ژووری بازرگانیی تاران وتوویەتی، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ١٠٠ میلیارد دۆلار سەرمایە لە ئێران چووەتە دەرەوە و بەشێک لەو پارەیە بۆ کڕینی خانووبەرە لە وڵاتانی دراوسێ بووە.

"مەسعوود خانساری" سەرۆکی ژووری بازرگانیی تاران باسی لە چوونەدەرەوەی بڕە پارەیەکی زۆر لە ئێران کردووە، بەڵام وردەکاریی ئەو ئامارانەی باس نەکردووە و وتوویەتی کە بەشێک لەو پارەیە بۆ کڕینی خانووبەرە لە وڵاتانی دراوسێی ئێران بەکار هێنراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا وڵاتانی تورکیە، ئیمارات و گورجستان وەکوو ئەو وڵاتانەی ناویان لێ براوە کە شوێنی ڕاکێشانی سەرمایەی خەڵکی ئێرانن.

لە ڕاپۆرتێکدا کە ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران جۆزەردانی ساڵی ٩٧ بڵاوی کردبووەوە، هاتووە کە زیاتر لە ٥٩ میلیارد دۆلار سەرمایە لە ماوەی ساڵەکانی ٩٥ و ٩٦دا لە ئێران چووەتە دەرەوە.

بە حسێبکردنی ئەو دوو ئامارە دەتوانین بڵێین کە بەپێی بەراوردەکانی دوو ناوەندی فەرمی، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ١٦٠ میلیارد دۆلار سەرمایە لە ئێران چووەتە دەرەوە.

لەو ڕاپۆرتەی مەجلیسدا "نادیاربوونی دۆخی سیاسی و ئابووری، ئەستەمبوونی چالاکییە ئابوورییەکان، ڕیسکی زۆری سەرمایەدانان و مەیل بۆ ژیان لە دەرەوەی وڵات" و چەند هۆکاری دیکەی بە هۆکارەکانی چوونەدەرەوەی سەرمایە لە ئێران زانیوە.