کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دوو مانگی سەرەتای هاتنە سەر کاری "ڕەئیسی"، نەختینەیی ٢٥٠ هەزار میلیارد تمەن زیادی کردووە

11:21 - 7 بەفرانبار 2721

لە حاڵێکدا کە "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتبووی کە پێش بە گەشەی نەختینەیی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان دەگرێت، ئامارە نوێیەکانی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران دەرخەری ئەوەیە کە لە دوو مانگی سەرەتای هاتنە سەر کاری "ڕەئیسی" بڕی ٢٥٠ هەزار میلیارد تمەن بە ڕێژەی نەختینەییەوە زیاد بووە.

ئەو بانکە لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا دەریخستووە کە نەختینەیی لە کۆتایی خەزەڵوەر بە ٤٣١٦ تریلیۆن تمەن گەیشتووە. هەروەها ئەو ژمارەیە لە کۆتایی مانگی خەرمانان ٤٠٦٧ تریلیۆن تمەن بووە. نەختینەیی خەزەڵوەر لەچاو مانگی خەرمانان نزیک ٦ لەسەد و لە بەراورد لەگەڵ سەرەتای ساڵ نزیک ٢٤ لەسەد و لەچاو خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو نزیک ٤٢ لەسەد بەرز بووەتەوە.

نەختینەیی بریتییە لە پارە )دراو و سکەی بەنرخ( و وێکچووی پارە )دانانی پارە بە شێوەی ماوەدار و قەرزولحەسەنە لە بانکەکان) و بە گرینگترین هۆکارەکانی هەڵاوسان ناسراون.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەوڵەت بەهۆی کورتهێنانی بودجە بەردەوام قەرزی لە ناوەندە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەت بانکی ناوەندی وەرگرتووە کە ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو بانکە بە زۆرملێ پارە چاپ بکات و نەختینەیی بەرز ببێتەوە.

کارناسان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار سەبارەت بەو بابەتە هۆشدارییان داوە کە دەوڵەت بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجە وەکوو دەزگای چاپ لە بانکی ناوەندی کەڵکی وەرگرتووە، بە شێوەیەک قەبارەی نەختینەیی لە ماوەی ٨ ساڵ دەسەڵاتی "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری پێشووی ڕێژیمی ئێران، ٨ بەرابەر بووە.