کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵێکدا لەسەدا ٣٤ی قوتابییانی دوو گوندی دەرەکێ و دەمەیەو وازیان لە خوێندن هێناوە

22:55 - 22 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: زیاتر لە ١٣٥ قوتابیی دواناوەندیی گوندەکانی دەرەکێ و دەمەیەو سەربە شارستانی سەوڵاوا، لەگەڵ نەبوونی خزمەتگوزاریی وەکوو قوتابخانە و سیستمی هاتوچۆ بەرەوڕوون.
بەپێی راپۆرتی کوردستانی میدیا، لە ساڵی ٩١ ــ ٩٢ خوێندندا، نزیک بە ١٣٥ قوتابیی گوندەکانی دەرەکێ و دەمەیەو بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن، ناچاربوون هەموو رۆژەکانی ساڵ هاتوچۆی گوندی دزڵی بکەن.
گوندی دەرەکێ بە ٧٠٠ بنەماڵە حەشیمەتەوە، هەتا ئیستا لە خزمەتگوزاریی قوتابخانەی دواناوەندی بێ‌بەری بووە. گوندی دەمەیەوش هەلومەرجێکی هاوشێوەی گوندی دەرەکێی هەیە.
تێکڕای قوتابییانی ئەو دوو گوندە بە سیستەمی هاتوچۆ بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن بە ناچاری مانگانە ٤٥ هەزار تمەن بە پاسەکان کە خۆیان بە کرێیان گرتووە، دەدەن، ئەمەش بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری فشارێکی زۆری بۆ بنەماڵەکان هێناوە.
لەلایەکی دیکەشەوە ژمارەیەک لە بنەماڵەکان کە توانای دابینکردن ئەو بڕە پارەیان نییە، بە ناچاری واز لە خوێندنی منداڵەکانیان دەهێنن.
بەگوێرەی ئەو ئامارانە کە بە شێوەی مەیدانی لەم دوو ساڵەدا کۆکراونەتەوە، لە ساڵی رابردووی خوێندندا ٤٦ قوتابیی کورد لەو گوندە کە ١٣ قوتابییان کچ بوون، لە خوێندن بە جێماون، یان بەهۆی گوشاری ئابوورییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە.
هەنووکە لە گوندەکانی دەرەکێ و دەمەیەو ٨٩ قوتابیی قۆناغی دواناوەندی ماونەتەوە کە ٢٢ قوتابییان لە سەوڵاوا و ٦٧ی دیکەش لە گوندی دزڵی بە پشوودرێژییەوە درێژە بە خوێندن دەدەن.
بەگوێرەی ئەو ئامارانە لە کۆتایی ساڵی خوێندنی ٩٢ ــ ٩٣دا ٣٢ قوتابیی نوێ قۆناغی ناوەندی تەواو دەکەن و قۆناغی نوێی دواناوەندی دەست پێ دەکەن کە ئەوانیش وەها چارەنووسێکی قوتابییانی ساڵەکانی پێشوو چاوەڕێیان دەکا.