کوردستان میدیا: سێمینارێک بە بۆنەی یادی ۷۳هەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو.
ڕۆژی هەینی، کاتژمێر ۳ی پاشنیوەڕۆ، ڕێکەوتی ۲٦ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی هەتاوی، لە دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری سلێمانی، سێمینارێک بۆ ڕێزگرتن لە یادی ۷۳ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، بە بەشداریی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دیمۆکرات بەڕێوە چوو.
سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و پاشان خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت ڕاسانی خۆرهەڵات دەستی پێ کرد.
پاشان "ئیسماعیل ڕەحمانی" بەڕێوەبەری سێمینارەکە بەرنامەی کاری سێمیناری ڕاگەیاند و دواتر "فواد خاکی بەیگی" بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە سلێمانی بەخێرهاتنی ئامادەبووان، بەتایبەت نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە سێمینارەکەی کرد.
پانێلی یەکەمی سێمینارەکە، "تەیموور مستەفایی"، ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات، باسێکی لەسەر پێویستیی دامەزرانی "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و ڕۆڵی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد کرد و هەروەها سیاسەت، هەڵوێست و پرنسیپە نەگۆڕەکانی حیزبی دێموکرات لەمەڕ بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و قۆناغی ئێستای خەبات لە خۆرهەڵات کە ڕاسانە بۆ ئامادەبووان شی کردەوە.
دواتر لە پانێلی دووهەمدا، "عەلی شەمدین"، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە، باسێکی سەبارەت بە پێوەندی "حدکا" بە بزووتنەوەی خۆرئاوای کوردستان کرد و هەڵوێست و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە و بەتایبەت دوکتور "قاسملوو" بۆ پێکهاتنی کۆدەنگیی نەتەوەیی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەر چواربەشی کوردستانی بەرز نرخاند.
لە پانێلی سێهەمدا، دوکتور "کەیوان ئازاد ئەنوەر"، مامۆستای زانکۆی سلێمانی و پسپۆڕی مێژوو، لە ڕووی مێژووییە و بەپێی بەڵگەنامەکان پێوەندی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی باشووری نیشتمانی لە چەندین قۆناغی مێژوویی بە وردی شی کردەوە و ڕایگەیاند سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕووی پرەنسیپەکانی ئەخلاق لە سیاسەت، سەربەخۆیی بڕیاردان و پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی جێگەی ڕێزن و پڕ بایەخن.
ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانە کە بەشداری سێمینارەکە بوون و پەیامی پیرۆزباییان بۆ یادی ۷۳ساڵەی دامەزرانی حیزب ناردبوو بریتین لە:
ـ کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ـ پارتی یەکیەتیی دیمۆکراتیک (PYD)
ـ حیزبی شیوعیی کوردستان
ـ پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)
ـ پارتی ئازادیی کوردستان، ڕۆژئاوا
ـ یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان _ ئێران
ـ پارتی دیمۆکراتی پێشڤەڕۆی کوردی سووریە
ـ ئەنجومەنی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵات/ سلێمانی