کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵیادی تێرۆرکردنی ڕێبەری ناوازەی گەل، دوکتور قاسملوو، لە شاری مەهاباد چالاکیی بەرینی تەبلیغییان ئەنجام دا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ٨ی پووشپەڕ، تێکۆشەرانی دێموکرات بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵیادی شەھیدبوونی ڕێبەری ناوداری کورد، دوکتور قاسملووی نەمر، لە شاری مەهاباد چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
قارەمانانی دێموکرات لە شاری مەهاباد، لە شوێنەکانی وەک: موکریان، فەرهەنگیان، ئازادگان، بازاڕچە و گۆمرۆک، بە نووسینی: ''بژی دوکتور قاسملوو'' و وتە بەنرخەکانی دوکتور قاسملوو، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
هاوکات، ئەندامانی حیزبی دێموکرات، بەم بۆنەوە لە گۆڕستانی "شەبەک" لە گوندی خورخورەی شاروێرانی مەهاباد، بە پاک و خاوێنکردنی گڵکۆی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بڵاوکردنەوەی وتە بەنرخەکانی دوکتور قاسملوو و سروودی شۆڕشگێڕی و دانانی گوڵ لەسەر گڵکۆی شەهیدان، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدان، نوێ کردەوە.