کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری پاوە دەست بە ڕەشبگیری کراوە

11:57 - 4 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان بۆ سەر بنەماڵەی پێشمەرگەکان درێژەی هەیە و بانگهێشتی ناوەندەکانیان دەکات و هەڕەشەیان لێ دەکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری پاوە، ژمارەیەک لە بنەماڵەی پێشمەرگەکانی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردوون.

ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە، سەرەڕای بانگهێشتکردنی بنەماڵەی پێشمەرگەکان هەڕەشەیان لێکردوون کە نابێ بە هیچ شێوەیەک لە خۆپێشاندانەکانی ٥ی بەفرانباردا بەشداری بکەن.

هاوکات کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعات لە بانە هەڕەشەیان لە بەڕێوەبەرانی کەناڵە تێلگیرامییەکان کردووە کە نابێ هیچ بابەت و پۆستێک لەبارەی مانگرتنی سەرتاسەری لە ٥ی بەفرانباردا بڵاو بکەنەوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ترسی خۆپیشاندانەکانی خەڵک، بە هەر شێوەیەک دەیهەوێت ڕێگری لە خۆپیشاندانەکان بکات.

لەسەر داخوازیی حیزب و لایەنە کوردستان و ئێرانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، بڕیارە ڕۆژی ٥ی بەفرانبار ڕۆژی چلەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەر، خەڵک مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوە ببەن.