کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا مادە خۆراکییەکان کەمە و جیرەبەندی کراوە

12:37 - 24 بەفرانبار 2720

لەحاڵێکدا کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا مادە خۆراکییەکان کەم بووەتەوە و جیرەبەندی کراوە سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران نکۆڵیی لە بوونی وەها دۆخێک کردووە.

"حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی ئابووریی وڵات، شانازیی بەوە کردووە کە لە جوغرافیای ئێراندا "کەمبوون و نەبوونی کاڵا" بوونی نییە و ئیدعای کردووە خەڵک لە نۆرەی خواردەمەنی و کاڵا سەرەکییەکاندا ڕاناوەستن.

ڕێژیم سەرباقیی ئەوەی هەتا ئێستا هیچ تواناییەکی لە کۆنتڕۆڵی گرانیدا نەبووە، شانازیش بەوەوە دەکات کە پلەپلە کاڵا خواردەمەنییەکانی لە خەڵکی نێوخۆی وڵات گران کردووە .

لە زۆربەی شارەکانی کوردستان خەڵک لە نۆرەی کاڵا سەرەکییەکاندا بە تایبەت "نان" ڕادەوستن و بەهۆی بێکەیفییەتیی ئاردی نانەواخانەکانی کوردستان نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان لە کوردستان زیاتر پەرەی سەندووە .

هەروەها لە بازاڕەکانی  کوردستاندا "ڕۆنی خواردن" ڕووی لە کەمی کردووە و ئەو ڕێژە ڕۆنەش کە لە بازاڕدا هەیە بە نرخێکی زۆر گران دەفرۆشرێت.

تەنانەت لە زۆربەی فروشگاکانی ڕێژیم وەک: "کوورش، ڕفاە، ئێتکا" و هتد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، فرۆشتنی ڕۆن بە جیرەیە و ناهێڵن کڕیار زیاتر لە دوو لیتر و نیو ڕۆن بکڕێت و لە هەندێ شوێنیش هەر ڕۆن بۆ فرۆشتن بوونی نییە .

ڕێژیم لەباری ئابوورییەوە لەژێر گوشار دایە و دۆخێکی شپرزە و نالەباری هەیە و ئەو زەخت و گوشارە بە سەر خەڵکی وڵاتدا قەرەبوو دەکاتەوە.