کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شەڕی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە ڕووسیە دەکات

11:26 - 6 رەشەمه 2721

''ئیبراهیم ڕەئیسی'' سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ''ڤێلادمیر پووتین'' سەرکۆماری ڕووسیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین کردووە.

ڕەئیسی بە "پووتینـ"ـ وتوویەتی کە نزیکبوونەوەی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئورووپا دەبێتە هۆی گرژی و هەروەها بۆ سەر سەقامگیری و ئەمنییەتی وڵاتانی سەربەخۆ هەڕەشەیەکی جیددی دروست دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران، پووتین ئیدعای ئەوەی کردووە هێرش بۆ سەر ئۆکراین ''وڵامدانەوەیەکی ڕەوایە بۆ سەر چەندین دەیە پێشێلکردنی پەیماننامە ئەمنییەتی و هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ زیان گەیەندن بە ئەمنییەتی ڕووسیەیە.

ڕێژیمی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئامریکا و ڕێکخراوی ناتۆی بە هۆکاری دۆخی ئێستای ئۆکراین زانیوە.

هەڵویستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە لاینگریکردن لە ڕووسیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەیەکی نەرێنی زۆری لێکەوتووەتەوە.

پشتیوانی ڕێژیمی ئێران لە ڕووسیە لە حاڵێکدایە کە هەزاران کەس  لە شارەکانی ڕووسیە، دژی ‌هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئۆکراین خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە و نزیکەی ٧٥٠ کەس دەسبەسەر کراون.