
لە ڕێگەی گۆپان لە نزیک کفری، داعش هێرشی کردە سەر پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەیەک شەهید بووە و سێی دیکەش بریندارن. لەم پەیوەندییەدا وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند کە دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە.
شەوی ڕابردوو شەش چەکداری گرووپی تێرۆریستیی داعش بە ماتۆڕ هێرشیان کردە سەر سەنگەری پێشمەرگە و پێشمەرگەیەک بە ناوی "محەممەد مەنسوور" شەهید کرا.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: "هێرشە تێرۆریستییەکە تێک شکێندرا و هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕاودوونانی تێرۆریستەکان بەردەوامن".
هەروەها ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەز، تێرۆریستانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ هێرشیان کردبووە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و لە کاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ماشینێکی پێشمەرگەکاندا تەقیبووەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون.
دوای هێرشی ٦ی سەرماوەز، کۆنسولخانەی ئامریکا لە هەولێر، لە پەیامێکدا هێرشی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە لەسەر پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە و شکستدانی داعش، پێداگرین".