کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی، لە شار و گوندەکانی کوردستان، بەردەوام بە شێوەی جۆراوجۆر چالاکیی فەرهەنگی بەڕێوە دەبەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە، ١ی ڕەشەمە، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سەقز بە ناوی قوتابخانەی "وەحدەت"، لە پۆلی چوارەمی ئەو قوتابخانەیە، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی بەڕێوە چووە.
لەو ڕێوڕەسمەدا قوتابییان بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشدارییان لە ڕێوەڕەسمەکەدا کردووە، هەروەها شێعر و سروودیان بە زمانی شیرینی کوردی پێشکەش کردووە.
لەو ڕێوڕەسمەدا قوتابییان ئەم شێعرەیان پێشکەش کردووە.
زمانی دایکی
دایه دایکی شیرینم .... هاوڕێی دڵسۆزی ژینم
چاکهخوازی ژیانمی .... ڕاسکهرهوهی زمانمی
زمانی خۆتم فێر که .... مهزرای دهروونم تێر که
چۆن به زمانی بێگانه .... له تۆ تێبگهم گیانه
زمانی خۆم ڕاگوێزم .... هی خهڵکان بپارێزم
زمان خۆ نابێ بهوه .... ههر قسه بکهین پێکهوه
خۆشتره خۆشهویستی .... به زمانی خۆت بیبیستی
زانست و ئاکاری ژین .... با به کوردی فێری بین
دایه دایکی شیرینم .... هاوڕێی دڵسۆزی ژینم
لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەی بەرین و جۆراوجۆر لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، چالاکیی فەرهەنگیی، بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایکییەوە بەڕێوە چووە.
لەو ڕۆژەدا نووسەران، مامۆستایانی قوتابخانە، چالاکانی فەرهەنگی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان چالاکییان بەڕێوە بردووە.
لە ساڵی ١٩٥٢ زایینیدا، لە وڵاتی پاکستان، زمانی ئۆردوو، کە تەنیا زمانی ٥ لەسەد حەشیمەتی خەڵکی پاکستان بوو، بە فەرمی ناسێندرا، هەر بەم بۆنەوە ناڕەزایەتیی ئاخێوەرانی زمانی بەنگاڵی، لە ڕۆژی ٢١ی فیورییەی لێ کەوتەوە و لە لایەن دەوڵەتی پاکستانی ئەوکات خەڵکێکی زۆر لە بەنگاڵییەکان کوژران و ئەم ستەمە زمانی و فەرهەنگییە هەتا ساڵی ١٩٧١ درێژەی کێشا، کە دواتر لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە ڕۆژی ٢١ی فیورییە، بەرانبەر بە ٢ی ڕەشەمە، وەک ڕۆژی زمانی دایکیەوە ناسێندرا.